ئەمجارەش 964 کاری خۆی کرد
ئەو برغووانەی لە جادەی پۆزەکە پۆزی خەڵکیان دەشکاند لابران
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئەمجارەش 964 کاری خۆی کرد و ئەو برغووانەی لە جادەی پۆزەکەی سلێمانی، پۆزی خەڵکیان دەشکاند، لابران و دانیشتووانی گەڕەکەکە ئاسوودە بوون.
دوای چەند مانگ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا ئاسەواری بانگەشەی کاندیدەکان لە هەندێک شەقام و کوچە و کۆڵانەکان هەر ماوە و نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەریش، پەیامنێری 964 لە جادەی بەختیاری سلێمانی کە بە جادەی پۆزەکە ناسراوە، ژمارەیەک برغووی چەقیوی لە ناوەڕاستی بلوارەکە بینی کە کاتی هەڵبژاردن بۆ جێگیرکردنی پۆستەر و فلێکسی کاندیدەکان دانرابوون، بەڵام دوای لێکردنەوەی پۆستەرەکان، برغووەکان لانەبرابوون و ئەوەش هاوڵاتیانی گەڕەکەی تووشی دەردەسەر کردبوو کە بەقسەی خۆیان لەکاتی پەڕینەوە لەشەودا، خەڵکیان داوە بە عەرزدا و چەند کەسێکیش برینداربوون.
هەر ئەوکات 964 لەسەر داوای دانیشتووانی گەڕەكەكە، گرفتەكەی گەیاندە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 7.4.2025 بۆمان دەردەكەوت سەرجەم برغووەكان لە ناوەندی شەقامەكە لابراون و بە كۆسەرە لەگەڵ زەوی خشت كراون.
لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی كارەكە، زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، “كارێكی باشتان كرد پەیوەندیتان پێوەكردین و لە گرفتەكە ئاگادارتان كردینەوە، هەر کە بەکێشەکەمان زانی، دەستبەجێ گرفتەكەم گەیاندە سەرۆكایەتی شارەوانی و دواتر لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی خۆی هاتە سەرخەت و كاری لەسەر كرد، چونكە شەقامەكە شوێنێكی دیاری سلێمانییە و پێویست بوو خێرا كاری لەسەر بكرێت”.
ئاشکراشیکرد، بەشی ئامێرەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بەشێوەی تیم، بەكارەكە هەستاون و لەتەواوی شەقامەكە برغووەكانیان بە كۆسەرە بڕیوەتەوە.
وتەبێژی شارەوانی سلێمانی وتیشی، بەهۆی نادیاری ئەو کەس و لایەنەی برغووەکانی داناوە، نەتوانراوە هیچ رێكارێكی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو کارە بگیرێتەبەر.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری