"لە عومری خۆم تەنیا لە ساڵی 1958 تەرزەی وا بەقوەتم بینیوە"
تەرزە دڵڕەقەکەی سۆران بەشێک لە جوتیارانی رەنج بەخەسار کرد
964+
ئاکام غەفور – سۆران
تەرزە دڵڕەقەکەی سۆران هەر بە شکانی سەری هاوڵاتیان و جامی ئۆتۆمبێلەکان نەوەستایەوە و بەشێک لە جوتیاران و باخەوانانی ناوچەکەشی رەنج بەخەسار کرد.
مام سڵێمان جوتیارێکی بە ئەزموونی دۆڵی ئالانە بە 964ـی وت، “تەرزەکە گەلەک بەقوەت بوو و زیانی بە تەواوی ئەو دار و درەختانە گەیاندووە کە چرۆ و بەریان گرتووە، بەتایبەتیش هەرچی گوێز و قەیسی و چوالە و دار توو و رەز هەیە، لەناوی بردووە”.
وتیشی، “بەدەستی خۆم تەرزەکانم خڕ کردنەوە و قەبارەی هەندێکیان بەقەد هێلکەیەک دەبوو، ئەگەر کەمێکی تر دەوامی هەبوایە، گەڵا و پەلی بە دارەکانەوە نەدەهێشت”.
مام سلێمان دەڵێت، “بە عومری خۆم تەرزەم زۆر بینیوە، بەڵام تەنیا لە ساڵی 1958 تەرزەبارینێکم بینی کە لەو تەرزەیەی ئەم جارە بەهێزتر و بەقوەتتر بوو”.
ئەو جوتیارە باسی لەوەشکرد، هەرچەندە تەرزەکە زەرەر و زیانی زۆر بوو، بەڵام سوودیشی هەبوو و زەوی و مەزراکانی تێر ئاو کردووە.
لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکانی کوردستان کرد و لە هەندێک شوێن هەورە بروسکە و تەرزەی بەهێزیشی لەگەڵ بوو، لە دەڤەری سۆران تەرزەی قەبارە گەورە سەری هاوڵاتیان و جامی چەند ئۆتۆمبێلێکی شکاند.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری