خورماتوو

منداڵانی كورد، توركمان و عەرەب بەیەكەوە جەژن دەكەن

+964

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

تاكە هۆڵەكەی یاریی منداڵان لە قەزای خورماتوو، بووەتە شوێنی بەیەكگەیشتنی منداڵانی قەزاكە بۆ یاریكردن و بەسەربردنی كاتەكانی جەژن، خاوەنەكەشی دەڵێت، منداڵانی هەموو نەتەوەكان بەیەكەوە یاریی دەكەن و هۆڵەكە ئەوانی بەیەكەوە كۆكردووەتەوە.

هاوڵاتییەکی خورماتوو ماوەی سێ ساڵە هۆڵێکی یاریی منداڵانی کردووەتەوە و بووەتە هۆی کۆکردنەوەی منداڵان و گەنجان و خێزانەکان، کە 16 یاری جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.

شوێنەكە بووەتە مایەی ئەوەی لە جەژن و بۆنەكاندا، منداڵانی هەر سێ نەتەوەی قەزاکە سەردانی بكەن.

هەڵکەوت رەمەزان، خاوەنی هۆڵی یاری فۆن زۆن بە 964ـی وت، بیرۆکەی کردنەوەی ئەم جۆرە شوێنە، لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ساڵانێکی زۆرە، قەزاکەیان هیچ جێگە و هۆڵێکی تایبەت بە منداڵانی تێدا نەبووە و ئەوان توانیویانە هۆڵێکی داخراو بکەنەوە، جگە لە شوێن و یاری منداڵان، خێزانەکانیش دەتوانن سەردانیان بکەن و کاتەکانیان تێیدا بەسەر ببەن.

وتیشی، پێشتر منداڵان و گەنجان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان لە جەژنەکاندا، سەردانی شارەکانی تریان دەکرد و ئێستا کردنەوەی ئەم جێگەیە، منداڵانی هەر سێ نەتەوەی قەزاکەی کۆکردووەتەوە، بە جۆرێک بەیانیان بۆ منداڵان و پاشان گەنجان و شەوانەش تایبەت کراوە بە خێزانەکان.

ئەمڕۆ 31.3.2025 لە قەزای خورماتوو یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە و هاوڵاتیان رێوەڕەسمەكانی جەژنیان ئەنجام دا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا