لۆگۆى ئیدارەی خۆسەرى دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
"قۆرغکردن رەتدەکەینەوە"
ئیدارەی خۆسەر: حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق زۆر لەوەی پێش خۆی دەچێ
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیدارەی خۆسەر، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت لە سوریا دەڵێ، پێداگرین لەسەر بونیادنانی سوریایەکی دیموکراسی و هاوبەشی و ناناوەندێتی، وە قۆرغکردنی دەسەڵات لەلایەن لایەنێک و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی تری سوریا، رەتدەکەنەوە.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ یەکشەممە 30.3.2025 رایگەیاندووە، ئەو حکومەتەی ئێوارەی شەممە لە دیمەشق رایگەیەندرا، زۆر لە حکومەتەکەی پێش خۆی دەچێت، بەو پێیەی رەچاوی فرەچەشنی لە سوریا نەکردووە.
لەو بەیاننامەدا هاتووە، “ئەو سیاسەتەی حکومەتی دیمەشق پیادەی دەکات دەمانباتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکەین، سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن رابگرن، وە پێداگرین لەسەر بونیادنانی سوریایەکی دیموکراسی و هاوبەشی و ناناوەندێتی، کە گەرەنتی هاوڵاتیبوون بکات”.
خۆسەر جگە لە رەتکردنەوەی، قۆرغکردنی دەسەڵات لەلایەن لایەنێک و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی تری سوریا، دەڵێ، “دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو، تەنیا زیان بە سورییەکان دەگەیەنێت و هەرگیز نابێتەهۆی بەدیهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کە بتوانێت کێشە هەڵپەسێردراوەکان و قەیرانەکانی سوریا چارەسەر بکات”.
رۆژی شەممە 29.3.2025، لە کۆشکی شەعب و لە دیمەشق رێوڕەسمێک بۆ راگەیاندنی پێکهاتەی حکومەتی نوێی سوریا راگەیەندرا، ئەنەکەسە و پەیەدە و پارتە کوردییەکانی دیکە، بایکۆتی حکومەتەکەیان کردووە، بیانوویان ئەوەیە کە مافەکانیان بەرجەستە نەکراوە.