تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی سلێمانی _ وێنە: تەندروستی سلێمانی
هیوادارین کەس پێویستى پێنەبێت
ئەم ناوچانە ئەمبوڵانسی لێ دەبێت ئەگەر پێویستان پێی بوو
964+
ئەحمەد مستەفا
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمی فریاکەوتن دەچنە مۆڵەکان و ناوچە گەشتیارییەکانی ناوەندی سلێمانی، دووەم رۆژ و سێیەم رۆژی جەژن، تیم زیاد دەکرێ و دەنێردرێنە هاوینەهەوارەکانی دوکان و قەرەداغ.
ئەمە پلانی یەکەی فریاکەوتنی خێرایە لە سلێمانی، تا زوو بە هانای خەڵکەوە بچن کە گرفتی تەندروستییان هەبێ، خەڵک و گەشتیارانیش دەتوانن یەکسەر پەیوەندی بە ژمارە 122 بکەن.
سامان نادر، بەڕێوەبەری یەکەی فریاکەوتنی سلێمانی “سەنتەری 122” ئەمڕۆ یەکشەممە 30.3.2025، بە 964ی وت، سبەی پێنج تیمی تەندروستی بە کەلوپەلی پێویست دەچنە هاوینەهەواری دوکان و سێ تیمی تەندروستی دەنێرین بۆ سەیرانگەکانی قەرەداغ، تا ئاگاداری دۆخی تەندروستی و رووداوی نەخوازراو بن.
پلانەکە بەجۆرێکە، لە هەموو ئەو رێگایانەی گەشتیاران بەکاریدەهێنن بۆ چوونە گەشت، تیمی تەندروستی جێگیری لێ دەبێت جگە لەو تیمانەی دەنێردرێنە ناو سەیرانگەکان.
سامان نادر وتی، بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان بەردەوام تیمی ئیشکگری تێدایە، بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، تایبەت ئەو بنکە و ناوەندانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی سلێمانین.