تەندروستی هەڵەبجە پشکنین بۆ ئاوی ماڵان دەکات - وێنە: تەندروستی هەڵەبجە
تەندروستی هەڵەبجە:
ئەو کۆمپانیایانەی پشکنین بۆ ئاوی ماڵان دەکەن فرتوفێڵ لە هاوڵاتیان دەکەن
شۆڕش قادری
بەرپرسانی تەندروستی هەڵەبجە گلەییان لە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی فلتەری ئاو هەیە و دەڵێن، فرتوفێڵ لە هاوڵاتیان دەکەن.
ئەکرەم محەمەد ئاغا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “بەشێک لەو کۆمپانیایانەی فلتەری ئاو دەفرۆشن، فێربوون دەچنە ئەو ماڵانەی کە کەسانی پیر و بەتەمەنیان هەیە و بە فرتوفێڵ بەرهەمەکانیان بەسەردا ساغ دەکەنەوە”.
“ئەو کۆمپانیایانە ئامێرێکی کارەباییان بۆ تێستی ئاوی ماڵان پێیە کە هیچ ستاندەرێکی جیهانیی نییە و تەنیا مەبەستیانە باخەڵی خۆیان گەرم بکەنەوە”، ئەکرەم محەمەد ئاغا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان رۆژانە و بەردەوام پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاو و خەزان و تانکی ماڵەکانی هەڵەبجە دەکەن و تائێستا هیچ کێشە و گرفتێکیان نەبووە.
ئەکرەم محەمەد ئاغا وتیشی، “دژی کەسابەت و کاری کۆمپانیاکانی فرۆشتنی فلتەری ئاو لە بازاڕدا نین، بەڵام بەڕاستی ئەگەر بچنە ماڵان و پشکنین بۆ ئاوی هاوڵاتیان بکەن و لەو رێیەوە بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە، سکاڵا لە دژیان تۆمار دەکەین.