رووداوی ھاتوچۆ

هاوڵاتییەک لە دەربەندیخان گیانی لەدەست دا

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 3.3.2025، لەسەر رێگای کەلار – دەربەندیخان، لە نزیک گوندی بانیخێڵان لە رووداوێكی هاتوچۆدا هاوڵاتییەك گیانی لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دەربەندیخان بە 964ى وت، “رووداوەكە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی دووتەنی و تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی روویداوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە”.
“ئۆتۆمبێلی دووتەنییەکە لە دواوە خۆی کێشاوە بە تانکەرەکە، جگە لە شۆفێرەکە دوو سەرنشینیشی لەگەڵ بووە و یەکێک لە سەرنشینەکان لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە”، جاسم محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، “سەرنشینەکەی دیکەی دووتەنییەکە دۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە و رەوانەی سلێمانی کراوە، شۆفێرەکەشی بریندارە لە فریاکەوتنی دەربەندیخانە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا