دیمەنێک لە فرۆشتنی مریشک لەسەر شەقامێکی گشتی _ وێنە: 964
"نزیکەی 750 دیناری چووەتەسەر"
نرخی مریشک لە گەرمیان بەرزبووەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
نرخی مریشک لە بازاڕی مریشک فرۆشانی کەلار، بەراورد بە پێش رەمەزان زیادی کردووە، نرخەکەی لە دوکانێک بۆ دوکانێکیتر جیاوازە و ھەر کیلۆیەک نزیکەی 750 دیناری چووەتەسەر.
پێش رەمەزان نرخی کیلۆیەک مریشک 2750 دینار بووە، ئێستا بووە بە 3500 دینار و لەھەندێک دووکانیش نرخەکەی زیاترە.
سەباح محەمەد، خاوەن دوکانێکی فرۆشتنی مریشکە لە بازاڕی کەلار بە 964ـی وت،”چەند رۆژێک پێش ئێستا کیلۆیەک مریشکمان بە نزیکەی دوو ھەزار و 750 دینار فرۆشتووە، بەڵام ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک بەرزبووەتەوە بۆ سێ ھەزار و 500 دینار”.
“کەمی مریشک ھۆکاری گران بوونی نرخەکەیەتی، چونکە رەوانەی ناوچەکانی خواروی عێراق دەکرێت و لە ھەرێمی کوردستان مریشک کەم دەبێت و نرخەکەشی زیاد دەکات، جگە لەو نرخە بۆ ھەر مریشکێکیش بڕی ھەزار دینار وەردەگیرێت بۆ پاککردنەکەی”،سەباح محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نازانین لە رۆژانی داھاتوو نرخەکەی چی لێدێت، زیاتر بەرز دەبێتەوە یا خود نا، بەڵام لە مانگی رەمەزانیش خواست لەسەر مریشک زیاتر دەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی