روانگەی سوری داتای کردووە

فڕۆکەیەکی پڕ لە چەک لە باکوری حەسەکە نیشتەوە


ئەحمەد مستەفا

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.2.2025، هاوپەیمانان فڕۆکەیەکی دیکەی چەک و تەقەمەنیان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە.

روانگەکە لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینیوویەتی ئەوەی روون کردووەتەوە، فڕۆکەکە لە عێراقەوە بەرەو بنکەی سەربازی خەراب جیری دەوروبەری رومێلانی باکووری حەسەکە رۆیشتووە و نیشتووەتەوە.

بەرچاوترین گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی کە هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لەم مانگەدا ئەنجامیان دابێت بۆ رۆژئاوای کوردستان، نۆ رۆژ پێش ئێستا بوو، کە 50 بارهەڵگری چەك و پێداویستی جۆراوجۆری سەربازی لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بە پاسەوانی هێزی ئاسمانی ناردە رۆژئاوای كوردستان و 15 بارهەڵگریان لە بنكەی قەسرەك جێگیربوون.

دواتر، 17 بارهەڵگری پڕ لە سوتەمەنی و سندوقی داخراو و چەك و پێداویستی سەربازی، لە هەرێمی كوردستانەوە بردرایە حەسەكە.

ناردنی هاوكاری سەربازی بۆ رۆژئاوای كوردستان و توندوتۆڵكردنی بنكەكانی ئەمەریكا لەكاتێكدایە، گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بەردەوامن لە هێرشكردنەسەر هێزەكانی هەسەدە لە نزیك مەنبج و توركیاش بەردەوامە لە هەڕەشەكانی بەوەی ئەگەر هەسەدە چەك دانەنێت هێرشدەكاتە سەریان.