فۆتۆ: ئاسایشی سلێمانی
ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی هەشت كەسی راگەیاند
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێت، لە ناحیەی تەکیە تاقمێکی تیرۆریستی دەستگیركراون، كه لە هەشت كەس پێكهاتوون.
لەراگەیەندراوێكی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، پشتبەستوو بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەدواداچوونی ورد، زانیاری بەدەستهات لەسەر بوونی تاقمێکی تیرۆریستی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ خۆیان حەشارداوە و لە یاسا هەڵهاتوون.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە رۆژی 5ـی شوباتەوە لێكۆڵینەوە لەو گرووپە كراوە و توانرا لە ماوەی دوو رۆژدا هەشت كەس دەستگیربكرێن، كە بە مادەی دووی تیرۆر لە دادگای عێراق داواكاربوون.
ئاسایش دەڵێت، تۆمەتبارە دەستگیراوەکان پێشینەی کاری تاوانکاری و تیرۆریان هەبووە و بەشداربوون لە چەندان کردەی تیرۆریستی و شەهیدکردنی هاوڵاتی و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایش: ئەم گرووپە لە ساڵی 2014ـەوە پەیوەندییان بە رێكخراوی داعشەوە كردووە و چەندان كردەوەیان ئەنجامداوە.