دەستەی دراوی عێراق و بۆرسەی ئەبوزەبی رێككەوتنێكیان واژۆ كرد
لە بارەی چییەوە؟
دەستەی دراوی عێراق و بۆرسەی ئەبوزەبی یاداشتێکیان واژۆ كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەستەی دراوی عێراق و بۆرسەی ئەبوزەبی بۆ مامەڵەكانی دراو، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كرد، بە مەبەستی هاوكاری و هاوبەشی لە چەند بوارێكی جیاوازدا.
یاداشتەكە ئەمڕۆ دووشەممە 27.1.2025 لە بەغدا بە چاودێریی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی واژۆ كرا.
لە رێوڕەسمی واژۆكردنی یاداشتەكەدا فەیسەڵ ویسام سەرۆكی دەستەی دراوی عێراق و سەرۆكی جێبەجێكاری بۆرسەی ئەبوزەبی عەبدوڵا سالم ئەلنعێمی ئامادەبوون و واژۆیان كرد.
بە راگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە چەند بوارێكی وەك هاوبەشی بازرگانی و هەماهەنگی لە بوارەكانی پێشخستنی تەكنەلۆژیا و بوارەكانی بازاڕی ئالوگۆڕی دراو و گواستنەوە و پشكەكان و چەند بوارێكی دیكەی وەك ئالوگۆڕی توانا و ئەزموون و مەشقپێدان لەخۆدەگرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، لە ژێر رۆشنایی یاداشتەكە، هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیماراتی دەدرێت، كە كۆمپانیای عێراقی بە سەرمایەی هاوبەشی ئیمارات و عێراق دابمەزرێنن و ئالوگۆڕی دراو لە نێوان بازاڕی هەردوو وڵات بكرێت.