لە سۆران

گۆشتی بەستووری قاچاغی بە گۆشتی خۆماڵی فرۆشتووە و دەستگیر كرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاسایشی هەولێر ئاشكرای دەكات لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گۆشتفرۆشێك دەستگیر كراوە، دوای ئەوەی گۆشتی بەستووری قاچاغی لە دوكانەكەی تواندووەتەوە و بە گۆشتی خۆماڵی بە هاوڵاتیانی فرۆشتووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 20.1.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران دەستی بەسەر برێکی زۆری گۆشتی بەستووی نایاساییدا گرت، ئەمەش دواى بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر گۆشتفرۆشەكە، كە ناوی (وڵات)ـە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

سەرچاوەكە دەڵێت، دەرکەوت گۆشتفروشەكە هەڵساوە بە هێنانی گۆشتی بەستووی نایاسایی (رۆستی بەرازیلی ) بۆ نهۆمی سێیەمی دوکانەکەی و خاوکردنەوەی گۆشتەکە بە شێوەیەکی ناتەندروست لەسەر زەوی بە سۆپای کارەبایی و دوای تێکەڵکردن و فرۆشتنی بە ناوی گۆشتی خۆماڵی، بۆیە لە رێکەوتی 10.1.2025 دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەرى لێکۆڵینەوەی سۆران، خاوەنی گۆشتفرۆشەکە بەناوی ( و . م . ح) و فرۆشیاری سەرەکی گۆشتەکە بە ناوی (ن . ت . ج) دەستگیرکران، پەڕاوی لێکۆڵینەوەشیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادگا کراون.