بومەلەرزەکەی هەرێمی کوردستان زیانی گیانی و مادیی نەبووە
964+
هێمن بەکر
ئەو بومەلەرزەیەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە باکوری هەرێمی کوردستانی تاوەکو ئیدارەی راپەڕینى گرتەوە، هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە، بە قسەی بەرپرسان.
تۆڕی 964 پەیوەندی کرد بە سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، ئەو رەتیکردەوە هیچ خانوو یان باڵەخانەیەک لە شارەکەی زیانی بەرکەوتبێت و وتی “کەس پەیوەندی نەکردووە بۆ داواکردنی هاوکاریی”.
تۆڕی 964 پەیوەندی کرد بە بەرگری شارستانی دهۆک و زاخۆ و ئەو ناوچانەی دیکە کە بە چڕیی بومەلەرزە گرتوویەتیەوە لە هەرێمی کوردستان، هەموو لایەک رەتیانکردەوە زیانی گیانی و مادیی هەبووبێت.
بومەلەرزەکەی هەرێمی کوردستان بە نزیکەیی 5 پلەی رێختەر بووە، بەڵام چەقەکەی لە تورکیا و باکوری کوردستان بووە بە پلەی 7.8ی رێختەر، هەروەها لە وڵاتانی سوریا، عێراق، ئوردن و لوبنان هەستی پێکراوە.
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو شاری رانیە لە ئیدارەی راپەڕین و لە تەنیشتیەوە تاوەکو نزیک بە کۆیە و مەخمور هەستی پێکراوە.
بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و گەرمیان و شارەزوور هەستی پێنەکراوە.
ئاماری ئەو کەسانەی لە تورکیا و سوریا بەهۆی بومەلەرزە گیانیان لەدەستداوە سات بە سات بەرزدەبێتەوە، تاوەکو ئێستا لەو دوو وڵاتە سەرو 300 کەس گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە دوو هەزار کەسیش برینداربوون، ئەوە جگە لە داڕووخانی دەیان باڵەخانە.