سبەی سەرماکەی دەشکێنێت
ئەمڕۆش بەفر و بارانبارین بەردەوام دەبێت
964+
شۆرش قادری
تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەفر و بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی هەرێم بەردەوام دەبێت، دواتر کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە و پلەی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ یەکشەممە 12.1.2025، ئاسمان هەور دەبێت و ئەگەرى نمە باران و دروستبوونى تەم لە سەر ناوچە شاخاوییەکان هەیە، ئاسمانى هەرێم لە کاتەکانى بەیانى هەتا ئێوارە نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت.
کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ئەگەرى نمە باران هەیە بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێ کات بارانى مامناوەند هەیە، لەسەر لوتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت، کاریگەرى ئەم کەشە ناسەقامگیرە لەسەر سنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین و پارێزگاى هەڵەبجە زیاتر دەبێت، بەڵام لە سنورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ، تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە.
لە ئێوارەدا لە سەرجەم ناوچەکان کاریگەرى ئەم کەشە ناسەقامگیرە کۆتایى دێت و پاشان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.
بۆ سبەی دووشەممەش، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور و پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 12 پلەی سیلیزی
دهۆک: 15 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 18 پلەی سیلیزی