زیاتر لە 40 تۆن کەرەستەی جۆراوجۆریش لەناوبراون
ساڵی 2024 لە دهۆک 70 شوێنی جیاواز داخراون
964+
ژێوار خدر
لە ساڵی 2024دا لە پارێزگای دهۆک 70 شوێنی جیاواز بەهۆی پانەندنەبوونییان بە رێنماییەکانەوە لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ و قایمقامیەتەوە داخراون، زیاتر لە 40 تۆن کەرەستەی جۆراوجۆریش لەناوبراون.
بەپێی ئامارێک کە قایمقامیەتی دهۆک بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2024دا لیژنەکانی چاودێریکردنی بازاڕ سێ هەزار و 100 سەردانیان ئەنجامداوە لەناو بازاڕی سەنتەری شاری دهۆک و 57 شوێنیان داخستووە، سزای پارەی 54 شوێنیان داوە، هۆشدارییشیان داوە بە 389 شوێن و چوار هەزار و 200 کەرەستەی جیاوازیشیان لەناوبردووە.
لە ئامارەکەدا هاتووە، لیژنەکانی بەدواداچوونی کارگە و کۆگاکان، ساڵی رابردوو 607 سەردانیان کردووە، 12 شوێنیان داخستووە، 34 شوێن سزا دراون، 102 هۆشدارییان پێدراوە و 290 کیلۆ کەرەستەش لەناوبراون.
لیژنەکانی چاودێریی کافیتریاکانیش 573 سەردانیان ئەنجامداوە، تەنیا یەک شوێن داخراوە، 13 شوێن سزادراون و هۆشدارییش دراوە بە 186 شوێن.
بە کۆی گشتیی سەرجەم چالاکییەکان، لیژنەکانی قایمقامیەتی دهۆک لە ساڵی رابردوودا، 70 شوێن داخراون، 101 شوێن سزا دراون، 677 هۆشداریی دراوە و چوار هەزار و 400 کەرەستەش لەناوبراون، جگە لەوەی پێنج هەزار و 500 ڤەیپ و 371 پارچە جگەر و دڵی مریشکیش لەناوبراون.