لە کۆیە
ئۆتۆمبێل گیانی لە مێرمنداڵێکی 12 ساڵان سەندەوە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە ناحیەی ئاشتی سەر بە قەزای کۆیە، ئەمشەو شەممە 2024.12.21، لە رێگەی سەرەکیی ناحیەکەدا ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشاوە بە ماتۆڕسکیلێکدا و لە ئەنجامدا مێرمنداڵێکی 12 ساڵان کە شۆفێری ماتۆرسکیلەکە بوو گیانی لە دەستدا.
مێرمنداڵەکە ناوی (رەسوول بەهجەت)ە و بە رەچەڵەک عەرەبە و چەندین ساڵە دانیشتووی ناحیەکەن.
ئازاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید د. خالید، بە 964ـی وت، هەر کە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەیان گەیاندە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدابوو.
وتیشی “دوای ئەنجامدانی رێکارەکانی بەشی فریاکەوتن بۆ تەرمەکەی، رەوانەی پزیشکی دادی کۆیەمان کرد”.
عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە بۆ 964 وتی، مێرمنداڵەکە ماتۆڕسکیلی لێخوڕیوە و تووشی ئەو رووداوە بووە.
روونیشیکردەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
ناحیەی ئاشتی بە 33 کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی قەزای کۆیەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر