دوو مەبەستیان هەیە

پۆلیس و تەندروستی دوزخورماتوو سەردانی قوتابیان دەکەن

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بنکەی تەندروستی قەزای دوزخورماتوو بە بەشداری پۆلیسی کۆمەڵایەتی قەزاکە، رێنمایی بە قوتابیان دەدەن، سەبارەت بەرێکاری خۆپارێزی لە نەخۆشی فەرووی پێست و خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.

رێنماییەکان لەسەر دوو ئاستن، ئامانجە سەرەکییەکە ئەوەیان هۆشیاریان بکەنەوە، ئەوە لە کاتێکدا لە قەزای خورماتوو زیاتر لە چوار هەزار و 600 قوتابی هەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18.12.2024، محەمەد ئەکبەر، بەرێوەبەری بنکەی تەندروستی قەزای دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “سەردانەکەمان بەردەوام دەبێت بۆ قوتابخانەکان و ئامانجی سەردانەکەش بۆ رێنمای پێدانە بە قوتابیان لە نەخۆشی(سعفە راس) کە نەخۆشییەکە لەسەری مرۆڤ دروست دەبێت و رێکارەکانی خۆپارێزیمان بۆ خوێندکاران روونکردووەتەوە”.

لە رێگەی بنکە تەندروستییەکان، ئەوە بۆ خوێندکاران روونکراوەتەوە، کە کاتێک ھاوڕێیەکیان تووشی نەخۆشیەکە دەبێت، نابێت گاڵتەی پێبکەن، چونکە ئەمە کاریگەری راستەوخۆی سلبی لەسەر خوێندکارەکە دەبێت، بەڵکو دەبێت هاوکاری قۆناغە چارەسەرییەکانی بن.

بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی دوزخوماتوو دەڵێ، بە خوێندکارانمان وتووە، کە دەبێت بە ئاگادارییەوە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاربھێنن، هەروەک کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانمان بۆ قوتابیان روونکردووتەوە و رێکارەکانی خۆپارێزیمان لەکێشەکانی بەکارھێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی باس کردووە، بۆ ئەوەی دووربن لە کێشە و گرفت، لەلایەن باند و کەسانی ئاست نەناسراو ھەڵنەخەڵەتێنرێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا