لەسەر تێکدانی ژینگە و داربڕین و بیرهەڵکەندن شەش کەس دەستگیر کران - وێنە: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
لە سنووری پێنجوێن و شارەزوور
ژینگەیان تەخت و تاراج کرد و داریان لەریشەوە دەرهێنا؛ شەش کەسن و دەستگیرکران
964+
شۆڕش قادری
پۆلیسی دارستان و ژینگە لە دەستگیرکردن و لێپێچینەوە لەو کەسانەی زیادەڕۆیی دەکەن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن، ماندوو نابێ و لە سنووری پێنجوێن و شارەزوور شەش کەس دەستگیر کران.
بنکەی پۆلیسی دارستانی گەرمك لە سنوری گوندی سیاگوێز دوو کەسیان دەستگیر کردووە کە ژینگەی ناوچەکەیان تەخت و تاراج کردووە و چەندین داری نازدار و جوانیان لە ریشەوە دەرهێناوە، حەفارەکەشیان دەستی بەسەردا گیرا.
هاوکات پۆلیسی دارستانی پێنجوێن بە هاوکاری ئاسایش لە سنوری گوندی ئاڵیاوا، سێ هاوڵاتی بە تۆمەتی هەڵکەندنی بیر دەستگیر کردووە.
لە سنوری گوندی تەپەڕەشـیش لە شارەزوور، پۆلیسی دارستانی سەیدسادق، کەسێکیان دەستگیر کرد کە هەستابوو بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی نایاسایی، ئۆتۆمبێلەکەیشی لێسەنرا کە بە پەمپی کۆنکرێت ناسراوە.
ئەم زانیاریانە، هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دای بە 964 و وتی، “لەم مانگەدا 15 کەس لەسەر بیرهەڵکەندن و داربڕین دەستگیر کراون، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ سەرجەمیان کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراون”.