سلێمانی
زیندانیانی سیاسی زەوی وەردەگرن
+964
دیلان محەمەد جەزا
ئەمڕۆ لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی، بە شێوەی تیروپشک زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەش دەکرێت و 450 هاوڵاتی سوودمەند دەبن.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964 وت، ئەمڕۆ سێشەممە 10.12.2024، بە شێوەی تیرپشک زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەش دەکرێت، هەریەک لە وەجبەکانی شەش و حەوت و هەشت زەوی وەردەگرن.
وتیشی، 450 زیندانی سیاسی لە شەش شوێنی سلێمانی، سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، زەوییە دابەشکراوەکانیش لە هەریەکە لە سۆتکە، تانجەرۆ و تاسڵوجە دەبن.
لەلایەکی دیکەوە بەهادین عەزیز، سەرۆکی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان بە 964ـی وت، هەر یەکە لە وەجبەی نۆ تا 15 لە سەرجەم کوردستان دەمێنێن زەوی وەربگرن، کە ژمارەیان نزیکەی 20 هەزار زیندانی سیاسی دەبێت لە سەرجەم کوردستان و لە داهاتوودا ئەوانیش زەوییان پێدەدرێت، بەڵام جارێ کاتەکەی دیاری نەکراوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر