کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ هەولێر و بەغدا: رێکبکەون تا کار لەکارنەترازاوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکی ئاراستەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە و داوای لێدەکات فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم چارەسەربکات.

مایکڵ مەککۆل لە نامەکەیدا باس لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەکات دەرهەق بە هەرێم، دەڵێت رەنگە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسۆی ئاشتەوایی نێوان بەغدا و هەولێر.

“نیگەرانم بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە تەرخانکردنی بودجەی فیدراڵی، ئەوە پیشان دەدات کە ئەم ناکۆکییە دەستوورییە چارەسەرنەکراوە، رەنگە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسۆی ئاشتەوایی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان،” مایکڵ مەککۆل لە نامەکەیدا ئەمەی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای وتووە.

بە وتەی مایکڵ مەککۆل، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی کە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەک بێت، دەبێت بەرپرسانی بەغدا و هەرێمی کوردستان “پابەندبوونی کۆنکرێتییان هەبێت.”

سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا لە بلینکن دەکات ” فشار بکەنە سەر سەرکردەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی پێویست بدەن بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و بەدیهێنانی تواناکانی عێراق و سوودگەیاندن بە گەلی عێراق.”

دەشڵێت: پێویستە ئەمریکا پابەند بێت بە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە عێراقییەکانمان بۆ پەروەردەکردنی عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر و دیموکراسی دوور لە کاریگەری خراپ و لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عێراقدا.”

ئەو دەشڵێت “پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە مانگی ئۆکتۆبەردا دەرفەتێکی گرنگ بۆ گەشەسەندنی درێژخایەنی عێراق دەڕەخسێنێت” بەڵام بەمەرجێک هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی.

ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، لە ساڵی 2014 سەریهەڵدا، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد و بەهۆیەوە حکومەتی ئەو کاتەی عێراق، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.