دەستەی دەسپاکی عێراق:

بە تۆمەتی گەندەڵی سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بۆ پەرلەمانتار حەسەنێن خەفاجی دەرچوو

فەرهاد حەسەن

دەستەی دەسپاکی عێراق رایگەیاند، سزای دوو ساڵ زیندانیی “توند” بۆ پەرلەمانتار حەسەنێن خەفاجی دەرکراوە، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی هەڕەشە و سەرانەوەرگرتن .

بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەکە کە نووسراوێکیشی لەگەڵ بڵاوکردووەتەوە،  دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بڕیاری سزادانی بۆ پەرلەمانتار حەسەنێن خەفاجی دەرکرد، بەهۆی ئەوەی هەستاوە بە هەڕەشەکردن لە سکاڵاکارێک بە ناوی (مستەفا فیعل مشتەت) و داوای بڕی 500 هەزار دۆلاری لێ کردووە.

ئەلخەفاجی داوای 500 هەزار دۆلاری کردووە، لەگەڵ تۆمارکردنی 40%ی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی “حەورا بەغدا” بەناوی خۆیەوە بەناوی یەکێک لە کارمەندانی فەرمانگەکەی، لە بەرامبەر دەستوەردان بۆ داخستنی دۆسیەیەک و هەڵگرتنی بەستنی سەر پارەی وەبەرهێنەرەکە. هاوکات داوای دەستوەردانی کرد بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لەسەر پڕۆژەی نیشتەجێبوونی “گەوهەری بەغدا” بەبێ مۆڵەتی یاسایی.

دەستەی دەسپاکی ئاشکرای کردووە کە دادگا بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە پشتی بە چەندین بەڵگە بەستووە، لەوانە: دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە بە ناوی (ئەنوەر سەباح)، ناوەرۆکی تۆمارە دەنگییەکان، وتەی شایەتحاڵەکان و وێنەی ئەو گرێبەستەی کە لە نێوانیاندا واژۆ کراوە.

دادگا ئەو بەڵگانەی بە پێویست و قایلکەر زانیوە بۆ سەلماندنی تاوانەکە، بۆیە بڕیاری دا بە سزادانی پەرلەمانتاری ناوبراو بە دوو ساڵ زیندانیی توند، بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی (452/1) لە یاسای سزادانی عێراقی.