"شۆفێرەکەی بێ هۆشەو لە نەخۆشخانەیە"

بارھەڵگرێک کەوتە ناو پرۆژەی ئاوی خورماتووەوە

+964

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر بەھۆی تیژڕەوییەوە خۆی خستە نێو پرۆژەی ئاوی قەزای خورماتوەوە و شۆفێرەکەی بەسەختی بریندار بوو، ئێستاش بێھۆشە و ئەو سەرنشینەی لەگەڵیشدا بووە، توانیویەتی خۆی رزگاربکات.

مەریوان نورەدین، شایەتحاڵێکی نزیک رووداوەکە بە 964ـی وت، “کاتێک بارھەڵگرەکە کەوتووەتە ناو پرۆژە ئاوەکەوە، دەستوبرد بەھانای شۆفێرەکە و سەرنشینەکەی دیکەوە رۆیشتین بۆ ئەوەی نەخنکێن”.

وتیشی، توانیویانە سەرنشینەکە دەستبەجێ رزگار بکەن و شۆفێرەکەشی بە برینداری دەربھێنن.

عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی خورماتوو بە 964ـی وت، “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانمان ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکە کەمێک گڕی گرتووە و جارێ دیار نییە ئایا شۆفێرەکە خەوی لێکەوتووە یان لە ژێر کاریگەریی مادە کحولییەکاندا بووە، یان هەرشتێکی دیکە، بۆ ئەمانە  لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.

دەشڵێت، ئێستا تیمەکانیان لەھەوڵدان بارھەڵگرەکە لە ناو پرۆژە ئاوەکە دەربھێنن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا