ئەمڕۆ سوێندى یاسایى دەخۆن
پەرلەمانێکی بێ خاوەن پێداویستى تایبەت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ پەرلەمانتارانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان سوێندى یاسایى دەخۆن، بەڵام هیچ یەک لەو 100 پەرلەمانتارانە خاوەن پێداویستى تایبەت نین، سەرۆکى یەکێتى کەمئەندامانى کوردستانیش دەڵێت،” ناتوانن نوێنەرایەتى راستەقینەى کەمئەندامان بکەن”.
لە عێراق و هەرێمى کوردستاندا بەپێى ئامارە نافەرمییەکان، 10 بۆ 12%ـى دانیشتوان خاوەن پێداویستى تایبەتن و 125 هەزار کەسیان لە هەرێمى کوردستانن، بەڵام تەنیا سەروو 90 هەزاریان تۆمارکراون.
بەگوێرەی دواین ئامار کە دەگەڕێتەوە بۆ مانگى ئایارى 2023، کۆى گشتى ئەوانەی لە هەرێمى کوردستان وەک خاوەن پێداویستی موچە وەردەگرن 77 هەزار و 65 کەسن، لەو ژمارەیە 71 هەزار و 303 کەسیان، خاوەن پێداویستی ئاساین و پێنج هەزار و 762 کەسیان فەرمانبەرن.
رۆژى، 9.6.2024، بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لیستی ناوی 13 هەزار و 120 خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
بە وتەى سامان حوسێن، سەرۆکى یەکێتى کەمئەندامانى کوردستان و کاندیدى دەرنەچووى خولى شەشەم کە بە شێوەى تاکەکەسى بەشدارى هەڵبژاردنەکەى کرد، ئەمڕۆ پەرلەمانتارانى خولى شەشەم یەکەم کۆبوونەوە دەکەن و سوێندى یاسایى دەخۆن، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێک نوێنەرایەتى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ناکەن، چونکە هیچیان خاوەن پێداویستى تایبەت نین، وەکخۆى دەڵێت،”کەسێک خاوەن پێداویستى تایبەت نەبێت، لە کێشە و گرفتەکانى کەمئەندامان تێناگات”.
وەک ئەوەى بۆ 964 روونى کردەوە، بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان پێنج کاندیدى خاوەن پێداویستى تایبەت چوونە کێبڕکێى هەڵبژاردنەوە، بەڵام هیچ یەکێکیان دەنگى پێویستیان نەهێنا و دەرنەچوون.
لە هەرێمى کوردستان، زۆرترین ژمارەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کەوتونەتە پارێزگاى هەولێر کە ژمارەیان 23 هەزار و 357 کەسە، لە سلیمانیش 20 هەزار و 267 کەسە، پارێزگاى دهۆک پلەى سێیەمى گرتووە و 13 هەزار و 345 خاوەن پێداویستى تایبەت لەو پارێزگایە هەیە، لە هەڵەبجەش دوو هەزار و 427 کەمئەندام لە لیستى موچەدا تۆمارکراون.
لەسەر ئاستى ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرترین خاوەن پێداویستى تایبەت دەکەوێتە گەرمیان و ژمارەیان پێنج هەزار و 429 کەسە و کەمترینى دەکەوێتە ئیدارەى زاخۆ کە ژمارەیان سێ هەزار و 176 خاوەن پێداویستى تایبەتە، لە سۆرانیش چوار هەزار و 535 خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە و لە ئیدارەى راپەڕینیش ژمارەیان 4 هەزار و 297 کەسە.
ژنان و کچانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، واتا ئەوانەى ناویان لە لیستى موچەدا جێگیرکراوە ژمارەیان 36 هەزار و 900 کەسە، 40 هەزار و 135 کەسیش لە رەگەزى نێرن.
دیزاینى بیناى پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکە شیاو نییە بۆ کەمئەندام
بەپێى ژمارەى کەمئەندامان و قەبارەى دەنگ بۆ کورسى پەرلەمان، ئەگەر نیوەى کەمئەندامان ناویان لە لیستى دەنگداندا هەبێت ئەوا دەتوانن سێ بۆ چوار کورسى پەرلەمانى کوردستان پێکبهێنن.
دڵشاد حەمە ساڵح، یەکێکى دیکەیە لەو کاندیدە دەرنەچوانەى خولى شەشەمى پەرلەمان کە خاوەن پێداویستى تایبەتە، ئەو بە 964ـى وت،”خاوەن پێداویستى تایبەت ژمارەیان کەم نییە، بە بڕواى من چۆن ژنان کورسى کۆتایان هەیە، ئاوا بە زیاترەوە کورسى کۆتا بۆ خاوەن پێداویستى تایبەت بە رەوا دەبینم”.
وەک باسى دەکات، لە ژینگەیەکەوە خۆى کاندید کردووە کە وەک هەر تاکێکى کۆمەڵگا مافى خوراوە و وەک هەر خاوەن پێداویستییەکى تایبەتیش کێشەو گرفتى هەیە، بۆیە وەک دەڵێت، بە خۆکاندیدکردنى ویستوویەتى نوێنەرایەتى هەموو کێشە و گرفتەکان بکات.
بە بڕواى دڵشاد حەمە ساڵح، دیزاینى پەرلەمانى کوردستان بە شێوەیەکە کە خاوەن پێداویستى تایبەت لەبەرچاو نەگیراوە، ئیدى چۆن دەتوانێت نوێنەرایەتى خاوەن پێداویستى تایبەت بکات؟.
جەختیش دەکاتەوە، کەسێک خاوەن پێداویستى تایبەت نەبێت و ئازار نەچێژێت و رووبەڕووى گرفتەکان نەبێتەوە، ناتوانێت لە کێشەکانى کەمئەندامان تێبگات، چ بگات بەوەى نوێنەرایەتیان بکات.