هێزەكانی تەحریر شام چوونە ناو حەلەب

عێراق: سنوورمان لەگەڵ سوریا توندوتۆڵ و پارێزراوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیوا یەحیا رەسوڵ پشتڕاستی کردەوە سنووری عێراق لەگەڵ سوریا بە توندی پارێزراوە و ئاسایشێكی بەهێزی هەیە.

لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی 29.11.2024 وتی، “هەر تیرۆریستێک هەوڵی هاتنەناو سنووری عێراق بدات، رووبەڕووی وەڵامدانەوەی بەهێز دەبێتەوە”.

“بە تەواوی ئاسایشی سنووری عێراق یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی ئێمە، سنوور لەگەڵ سوریا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا توند و تۆكمەیە، کەرتی فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان هەیە و ئەوان بە نوێترین چەک تەیارکراون، هەروەها کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بە شێوەیەكی بەهێز كراوە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە”، لیوا یەحیا رەسوڵ وادەڵێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە پشت هێزەكانی سنوور، کەرتەکانی سوپای عێراقیش بۆ ئەمنیەتی ئەو ناوچانە ئامادەن، هێزە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنی چاودێری بەردەوامیان هەیە و سنوورەکان بە شێوەیەکی بەرز پارێزراون، جگە لەوە دەزگای هەواڵگری چاودێری هەر جوڵەیەکی باندە تیرۆریستییەکان دەکەن، ئەگەر هەوڵی هێرشکردن یان گەیشتن بە سنووری عێراق بدەن، رووبەڕووی وەڵامی قورس دەبنەوە”.

وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق زانیاری زیاتری خستەڕوو، “سنوورەکان لەمێژە لەلایەن هێزەکانی سنوور و کامێرای حەراری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراون، جگە لە ئۆپەراسیۆنە تایبەت و پێشوەختەکان کە لەناو ئەو ناوچانە ئەنجامدراون، دواترینیان ئەو هێرشە بوو کە 6 حەشارگەی پاشماوەکانی داعشی کردە ئامانج لە ناوچەی دۆڵی حۆران”.

ئەو راگەیاندراوەی یەحیا رەسول لە دوای ئەوە دێت، شەڕ لە چەند ناوچەیەكی سوریا لە نێوان سوپای سوریا و گرووپە چەكدارە توندڕەوەكان دەستیپێكردەوە، بە تایبەتی ئەمڕۆ سەرچاوەكانی هەواڵ لە سوریا رایانگەیاند، هێزە توندڕەوەكانی وەك دەستەی تەحریری شام چوونەتە ناو شاری حەلەب، كە لە چوارشەممەوە شەڕیان دەستپێكردووەتەوە.

شەڕ لە سوریا دەستیپێكردەوە و 230 كەس كوژران

شەڕ لە سوریا دەستیپێكردەوە و 230 كەس كوژران