نەشتەرگەریەکەی سەرکەوتوو بوو
“سوپاس کە هێزتان بەخشییەوە بە هاوسەرەکەم”
+964
پەری ساڵح
نیگار ئەبوبەکر، ناسراو بە کەسایەتی سەمیرە لە درامای وەستا جومعە، دوای تووشبوونی بە شێرپەنجە نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجامدرا .
ئەوەی جیلی ئاڵتونی بێت بێگومان درامای “وەستا جومعەی” دیوە و سەمیرەش دەناسێت، هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە هیچ کاری هونەری نییە و لە شاشەکان بەدوورە، لە ئێستاشدا بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە و وەرگرتنی چارەسەر دۆخی تەندروستی باش نییە.
سیروان غەریبی هاوسەری نیگار لە فەیسبوک رایگەیاند، بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان نەشتەرگەرییەکەی تارادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە و سوپاسی هەموو ئەوانەش دەکەم کە بە نزا و دوعاکانیان هێز و ژیانێکی نوێیان بەخشیوەتەوە بە هاوژینەکەم، قۆناغێکی قورسمان تێپەڕاند.
نیگار ئەبوبەکر، جگە لە درامای وەستا جومعە لە درامای نیشتمان و گوڵە بێ رۆژەکان و چەند کارێکی تریش رۆڵی بینیوە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دایکی کچ و کوڕێکە.