لەگەڵ ئەنجومەنی خانمان کۆبوەوە
سودانی بڕیاری دا کەمپەینی ”لها”ی تایبەت بە خانمان دەستپێبکات
964+
ژوولی عەدنان
سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان کۆبووەوە و بڕیاڕی دەستپێکردنی کەمپەینی دەستپێشخەری ”لها” ی تایبەت بە خانمان درا.
دەستپێشخەرییەكە ئەمڕۆ دووشەممە 25.11.2024 خرایەڕوو، كە لە کۆمەڵێک پرۆگرامی جیاواز پێکدێت و ئامانج لێی، بەهێزکردنی ژنانە لەلایەنی ئابووری و رۆشنبیری، ئەویش بە کردنەوەی سەنتەری نەهێشتنی نەخوێندەواری لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق.
ئەنجومەنی باڵای خانمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست 964 کەوتووە، دەڵێت:
”رۆژی دووشەممە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای خانمان سازکرا، لە سەرەتا ئەنجومەن سەرکەوتنی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتوانی پیرۆزکرد و بە هەنگاوێکی گرنگی بناغەدانان بۆ بارودۆخی ژنان لە کۆمەڵگە و باشترکردنی دانا.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی بەشداریپێکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی کارگێری و بەرزکردنەوەی پلەی بەتواناکان و یارمەتیدانی خاوەن پڕۆژەکان بە پێدانی قەرزی بچووک.
جگە لەوە دەنگدرا بە دەستپێکردنی دەستپێشخەری (لها) کە کۆمەڵێک پرۆگرامی تایبەت بە یارمەتیدان و پێشخستنی ژنانە لە رووی ئابووری و رۆشنبیرییەوە، هەموو شارەکانی عێراقیش دەگرێتەوە، پرۆگرامەکە کردنەوەی سەنتەری نەهێشتنی نەخویندەواری و سەنەری تایبەت بە ژن و منداڵ و کردنەوەی گوندی کشتوکاڵی زیرەک بە یارمەتی یەکێتیی گشتیی کۆمەڵەی هاوکارییەکان، هەروەها رازیبوونی خۆیان راگەیاند دەربارەی کردنەوەی خولی راهێنانی ئەندازیاری کشتوکاڵی بۆ 500 ژن.
ئەنجومەنەکە کۆمەڵێک بڕیاری دیکەی دا، لەوانە دەستپێکردنی هەڵمەتی 16 رۆژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، رازیبوون بە ناونانی پردێک بە ناوی کەسایەتییەکی دیاری ژنی عێراقی، هەروەها ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکی ساڵانەی شیعر بۆ ژنان.