پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان
جەخت لە جێبەجێكردنی “یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن” كرایەوە
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر كۆبوونەوە و پرسی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوانیان گفتوگۆی لەسەر كرا.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق روكن عیسا عوزێر لەگەڵ کۆڵۆنێڵ راب براندستێتەر فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، سێشەممە لە دیوانی وەزارەت كۆبوونەوە.
وەك ئاماژەی پێكراوە، “جارێكی دیكە پێشخستنی پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خرایە بەرباس و هەردوولا بە گرنگییەوە لەم بابەتەیان روانی و هاوڕابوون لە سەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا واژۆ کراوە”.
ئەمە كۆبوونەوەی دووەمی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانانە لە ماوەی هەفتەیەكدا، دوای ئەوەی رۆژی 10ی ئەم مانگە وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆبوونەوە، وا بڵاوكرایەوە هەردوولا ئامادەكاری دەكەن بۆ هەڵسەنگاندنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوانیان.
هێزەكانی هاوپەیمانان پێشتر رایگەیاندووە، بە گوێرهی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کە لە 2016وە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە واژۆکراوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام دەبێت، هاوپەیمانان زیاتر لە یەك ملیار دۆلار بۆ پڕچەک کردن، مەشقپێکردن، هاوکاری لۆجستی و دارایی بۆ پێشمەرگە تەرخان دەكەن.
پێشمەرگەش لە بەرامبەردا لە رێگەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەوە کار بۆ بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.