گوڵفرۆشێک: کڕیار هەیە سێ مانگ لەمەوبەر داوای ئامادەکردنی گوڵی ڤالانتاینی کردووە
+964
پەرستۆ ساڵح
عاشقانی کوردستان ئامادەکاری بۆ ڤالانتاین دەکەن و شوێنە گشتیەکانیش سور دەپۆشن.
ڤالانتاین بە رۆژی خۆشەویستی دەناسرێت و 14ی شوباتی هەموو ساڵێک لە جیهان یادی دەکرێتەوە و کوردستانیش ئامادەکاری دەکات، بە رازاندنەوەی شوێنە گشتیەکان بە رەنگی سور و پێشکەشکردنی ئۆفەری جیاواز لەلایەن هۆتێل و رێستۆرانتەکانەوە بە عاشقان.
هێمای سەرەکی ڤالانتاین گوڵی سورە کە لەو رۆژەدا خواستێکی یەکجار زۆری لەسەرە، خاوەنی یەکێک لە گوڵفرۆشە دیارەکانی سلێمانی بۆ تۆڕی 964 وتی “زیاتر لە 25 هەزار گوڵم بۆ رۆژی ڤالانتاین داواکردووە، کڕیارم هەیە سێ مانگ لەمەوبەر داوایکردووە بۆ ئەو رۆژە گوڵی بۆ ئامادە بکەم”.
تۆڕی 964 دەزانێت کە گوڵەکان بە پێی جۆرەکانیان نرخەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی ئەو گوڵانەی تایبەتن بە رۆژی ڤالانتاین وەک گوڵی رۆزی سور نرخیان لە سێ هەزارەوە دەستپێدەکات و گرانترینیان پێنج هەزارە کە بە گوڵی ڤی ئای پی دەناسرێت، کڕیار هەیە لە ئێستاوە بە بڕی 10 ملیۆن دینار گوڵی داواکردووە بۆ خۆشەویستەکەی.
یەکێک لە گوڵ فرۆشەکانی شاری هەولێر بۆ تۆڕی 964 دەڵێت “کڕیارێکم هەبوو پیرەمێردێکی 75 ساڵ، هەموو ساڵێک لە یادی رۆژی عاشقان بەپێی ژمارەی تەمەنی هاوسەرەکەی گوڵی پێشکەش دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەرلە ڤالانتاین کۆچی دوایی کرد”.
لەم رۆژەدا تەنها گوڵ ناکرێتە دیاری، بەڵکو ئاشقان و هاوسەران ژووانی رۆمانسی دەبەستن لەناو هۆتێل و رێستۆرانت و شەوە ئاهەنگەکان بەهۆی پێشکەشکردنی ئۆفەری جیاواز، یەکێک لە گرانبەهاترین هۆتێلەکانی پایتەختی کوردستان نرخی ئۆفەری ڤالانتاینی بۆ ئەمساڵ نزیکەی 300 دۆلارە، هاوسەر بن یان دوو خۆشەویست دەتوانن بەشداری بکەن کە پێکهاتووە لە ساونا و مەساج و ژوری تایبەت.