“ کچێکی تەمەن 18ساڵان “
دوێنێ هەواڵى خنکانى هات و ئەمڕۆ بە زیندوویی دۆزرایەوە
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
دوێنێ هەینی 8.11.2024 هەواڵی خنکانی کچێکی تەمەن 18 ساڵان بڵاوکرایەوە، كە لەلایەن غەواسێکەوە لە زێی گەورەی سنووری قەزای خەبات هەواڵەكە راگەیاندرا، بەڵام وادەرنەچوو ، ئەمڕۆ كچەكە بە زیندوویی دۆزرایەوە.
دوێنێ هەر دواى هەواڵەکە، بەرگرى شارستانى خەبات چووە شوێنى رووداوەکە و رووداوەکەیان بەم شێوەیە تۆمارکرد، کاتژمێر 2:30 خولەک کاتى خنکانى بووە و هۆکارەکەى نەزانراوە.
ئەمڕۆ شەممە 9.11.2024 ئامانج محەمەد، ئەفسەر لە بنکەی بەرگریی شارستانیی خەبات بە 964ی وت، “دوێنێ هەینی وابڵاوکرایەوە ئەم کەسە خنکابێت لە زێی گەورە و تیمەکانی ئێمە وەک ون بوو بە دوایدا گەڕان، نەک خنکان، چونکە هیچ بەڵگەیەکی خنکانی نەبوو، خۆشبەختانە ئەمڕۆ بەزیندووی دۆزرایەوە”.
ئامانج محەمەد، زانیاری زیاتری نەدا، تەنیا ئاماژەی بە دۆزینەوەی بە زیندوویی کرد.
کچەكە تەمەنی 18 ساڵە و کاتژمێر 2:30 نیوەڕۆ هەواڵی خنکانی بڵاوکرایەوە و دانیشتووی گوندی زەنگەڵی قەزای خەباتە.
وەک ئەوەى دوێنێ زانا غەواس بە 964ـى وت، مامى کچەکە پەیوەندى پێوەکردووە و وتویەتى بەهانایان بچێت کچێکیان خنکاوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا