بارودۆخی تووشبووانیش جێگیرە
رێژەی تووشبووانی نەخۆشییەکەی شارەزوور روو لە کەمبوونە
+964
بڕوا مەجید – شارەزوور
ئەمڕۆ سێیەم رۆژی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوەیە لە قەزای شارەزوور و بەپێی لێدوانی بەرپرسی بەشی دەرمانی نەخۆشخانەی قەزاکە رێژەی تووشبووان بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو کەمی کردووە.
میدیا محمد، بەرپرسی بەشی دەرمانخانە لە نەخۆشانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ، بە 964ـی وت، ”ماوەی سێ رۆژە ئەم نەخۆشییە لە شارەزوور هەیە و رێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان سەردانی نەخۆشخانە دەکەن کە حاڵەتی سکچوون و رشانەوەیان هەیە.
وتیشی، لە ماوەی 24 کاتژمێردا 150 کەس توشبوون و لە 48 کاتژمێردا 1200 کەس کە لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکە دەرمانیان وەرگرتووە.
روونیشی کردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی سێیەم رۆژە و لە ماوەی دوو کاتژمێردا، لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی تا کاتژمێر 10:00 رێژەی سەردانیکردن 80 نەخۆش بووە، لەکاتێکدا رۆژی پێشوو لە ماوەی دوو کاتژمێردا 200 نەخۆش سەردانی کردوون، بەوپێیەش بێت رێژەی تووشبووان رووی لە دابەزینە و کەمی کردووە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو.
ماوەی سێ رۆژە نەخۆشی سکچوون و رشانەوە، لەقەزای شارەزوور بڵاوبووەتەوە و پزیشکان هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە بۆ پیسبوونی ئاوی قەزاکە دەگەڕێننەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر