پیاوێك خەونی رەشپێستەكانی ئەمریكای كردە راستی و ژیانی خۆی لەسەر دانا

964+

ژووری هەواڵ

“بەڵێ خەونم هەیە، خەونی من ئەوەیە رۆژێک بێت چوار منداڵەکەم لەم ئەمریکایەدا لەسەر رەنگیان بڕیاریان لێ نەدرێت، خەونی من ئەوەیە هەمووان بە یەک چاو تەماشا بکرێن”، ئەمانە خەونە گەورەکانی ئەو پیاوە بوون کۆڵی نەدا هەتا هاتنەدی، هەرچەندە خۆی لە پێناویاندا سەری دانا.

مارتن لوسەر کینگ، ئەو پیاوە رەش پێستەیە کە رێبەرایەتی شۆڕشی رەشپێستەکانی کرد لە ئەمریکا و ماندوو نەبوو تا ئامانجەکەی هێنایە دی.
دکتۆر کینگ ساڵی 1929 لە شاری ئەتڵەنتای ویلایەتی جۆرجیا لەدایکبووە، لە سەردەمێکدا کە رەشپێستەکانی ئەمریکا تا ئەو پەڕی دەچەوسێنرانەوە.
هەموو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ کۆتایی هێنان بەو چەوسانەوەیەو لەو پێناوەشدا هەرچی خراپ بوو بەرامبەری کرا، بەڵام ئەو دەستی هەڵنەگرت و هەرچەند هەوڵیشیاندا توندوتیژ بێت، ئەو بە ئاشتیخوازانە بەردەوام بوو.
مارتن لوسەر کینگ 29 جار لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە بە بیانووی جۆراوجۆر دەستگیرکراوە، جارێکیان لەبەر ئەوەبووە کە ئۆتۆمبێلەکەی خێرا لێخوڕیوە، لەکاتێکدا ئەم کارە سزای گرتنی لەسەر نییە.
مارتن توانی هەموو رەشپێستەکانی ئەمریکا لە دەوری خۆی کۆبکاتەوەو وازی نەهێنا تا دەسەڵاتدارانی وڵاتی ناچارکرد ئامانجەکانی بزوتنەوەی مەدەنی بهێننە دی و دوو گۆڕانکاری گەورە بکەن، یەکەمیان باجی دەنگدان لەسەر خەڵک هەڵگیراو دووەمیان لە ساڵی 1964 جیاکاری لە نێوان رەشپێست و سپی پێستدا نەهێڵدرا لە دامەزراندن و خوێندن و هەموو بوارەکانی ژیان.

ساڵی 1968 هەر لەو پێناوەدا سەری دانا و لە شەوێکی مانگی ئەپریلدا مارتن قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و وتی، “منیش حەز دەکەم تەمەنم درێژ بێت، بەڵام من گەورەیی خودام بە چاوی خۆم دی”، ئەم قسەیەی مارتن وەک نامەی کۆتایی بوو، چونکە هەر دوای ئەوە نیشانەشکێنێک تەقەی لێکرد و کوشتی.

مارتن لوسەر کینگ لە ژیانیدا هەموو دەردەسەرییەکی بینی، بەڵام پاش مردنی بۆ هەتا هەتایە وەک سمبولێکی ئازادی مایەوە.