لە هەندێك شوێن باریوە
ئەمڕۆ لە هەموو كوردستان چاوەڕێی بارانی بەخوڕ دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە پێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێمی كوردستان و شارەزایانی كەشناسی، ئەمڕۆ ئێوارە بارانبارین لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و سبەی و دووسبەیش بەردەوام دەبێت.
كەشناسیی هەرێمی كوردستان پێشبینیی دەكات، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و نمەباران و بارانی مامناوەند لە کات و ناوچەی جیاجیا دەبارێت، هەروەها لە کاتەکانی ئێوارەدا رێژەی دابارین کەمێک زیاتر دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پاشان لە شەودا کاریگەری ئەو شەپۆلە زیاد دەکات و بارانبارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هاوكات شارەزای كەشناسی سیروان ساڵح لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، “بە ئەگەری زۆر ئەمڕۆ ئێوارە شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گەرمیان بگرێتەوە، لە درەنگانێکی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەش پێشبینی دەکەین هەندێك لە تاوە بارانەکان بەهێزببن و بارانی بەخوڕ ببارێت، لەگەڵ بڕێک تەرزە بە هەورە برووسکەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو لە تەواوی چەم و دۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی گەرمیان.
وەنەبێ باران هێشتا نەباریبێ و لە هەندێك ناوچە باریوە، ئەوەتا كەشناسیی هەرێم شەوی رابردوو رێژەی بارانبارینی 12 كاتژمێری رابردووی بڵاوكردەوە، كە بەم جۆرەیە:
دەربەندیخان 7.0 ملم
هەڵەبجە 7.4 ملم
کەلار 9.6 ملم
مەیدان 8.6 ملم
کەرکووک دڵۆپ دڵۆپ
دووز 1.0 ملم
خانەقین 15.2 ملم.
چاوەڕوانییەكان بۆ ئەوەن بارانێكی زۆر ببارێت و لە هەندێك ناوچە بگاتە ئاستی 70 ۆ 80 ملم، بە تایبەتی لە گەرمیان و ئیدارەی راپەڕێن، هەروەها هەورەبروسكە و تەرزەش دەبێت، بۆیە كەشناسی و لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆشداریی ئەوەیان بە هاوڵاتیان داوە، خۆیان بپارێزن و نەچنە دۆڵ و ناوچە شاحاوییەكان، هەروەها نەچنە شوێنی بەرز و لە ستوونەكانی كارەبا و كۆمەڵێك شتی دیكە خۆبپارێزن.