بەنداوی ئەڵوەن یەک مەتری ماوە پڕ بێت

+964

راژان مەجید -خانەقین

بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانبارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردووە، لەچەند رۆژی رابردوودا  ئاستی ئاوی رووباری ئەڵوەن بەرزبووەتەوە و بەنداوی ئەڵوەن یەک مەتری ماوە پڕ بێت.

ئەحمەد وەسین، بەڕێوەبەری بەنداوی خانەقینە، بۆ تۆڕی964 قسەیکرد، ئەو دەڵێت “لە ئێستادا ئەو بەنداوە کەمتر لە یەک مەتری ماوە پڕ بێت، ئەمشەو ئەگەری پڕبوونی هەیە بەهۆی ئەوەی ئێران ئاوی بەرداوەتەوە”.

ئەحمەد وەسین، ئەوەشی وت “ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە 80 مەتری چوارگۆشە ئاو لە چرکەیەک هاتوە، بە کۆی گشتی سێ ملیۆن لیتر چوارگۆشە ئاو هاتۆتە نێو خاکی عێراقەوە”.

رێژەی بارانبارین لە قەزای خانەقین، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو حەوت ملیم بووە، بە کۆی گشتی ئەمساڵ 144 ملیم باران لەو قەزایە باران باریوە، ئەمەش وایکردوە ئاستی ئاوی رووباری ئەڵوەن بەرزبێتەوە.

بەنداوی ئەڵوەن، دەکەوێتە خۆرهەڵاتی قەزای خانەقین، لە ساڵی 2013 ـەەوە ئاوی بارانی لێ گل دەدرێتەوە، بەرزی بەنداوەکە 24 مەترە و درێژیەکەی هەزار و 342 مەترە.