"تەماتەی خۆماڵی 500 دینار دابەزی"

تەماتەی ئێرانی داغڵکرا و تەماتەی خۆماڵیش بەهاکەی لەدەستدا

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

ئەمڕۆ لە دەروازە سنورییەکانی عێراقەوە تەماتەی ئێرانی هاوردەی عێراق کراوە و تەماتەی خۆماڵیش بەلایەنی کەمەوە بۆ هەر کیلۆیەک 500 دینارى لێبووەتەوە.

پێشتر نوێنەری جوتیارانی پێنجوێن داوایان لە بەغدا کرد ماوەی قەدەغەی هاوردەی تەماتە بۆ هەفتەیەک درێژ بکاتەوە بەڵام نەکرا.

سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، حکومەتی عێراق رێگای بۆ هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی کردووەتەوە و لە مەرزەکانی شەلەمچە و مونزریەوە تەماتە داغڵکراوە.

وتیشی، پێش داغڵبوونی تەماتەی ئێرانی، نرخی کیلۆیەک تەماتەی دەرەجەیەکی پێنجوێن تا 900 دینار فرۆشراوە بەڵام ئەمڕۆ هەر هەمان تەماتە بە 350 یان 400 دینار فرۆشراوە و بەوەش نرخەکەی زیاتر لە 500 دینار دابەزیوە.

“لەگەڵ داغڵبونی تەماتەی ئێرانی کێشەیەکی دیکە توشی جوتیاران دەبێت، ئەویش ساغنەبونەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکەیە، چونکە کڕیارانی عەرەب ئەو بەرهەمە ناکرن بەهۆی زۆری لە عەلوەکانی ناوچەکانی خۆیان” سەروەر عەلی وای وت.

ئەوەشی خستەروو، لە ئێستادا گومرکی سەر هاودە لابراوە و رەنگە 500 هەزارێک بۆ نزیکەی 25 تۆن تەماتە وەربگیرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 8.10.2024 چەند جوتیارێکی پێنجوێن بۆ چوارەم جار سەردانی بەغدایان کردوو داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کرد، رێککەوتنەکەیان بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ درێژ بکەنەوە چونکە پێشتر تاوەکوو 15ی مانگی تشرینی یەکەم رێککەوتن کرابوو.

نوێنەرانی جوتیاران لە سەردانەکەی جاری پێشوو بە 964ی راگەیاندبوو، هەوڵی تەواویان داوە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی %100ی پێ نەدابوون و بەگوێرەی بڕیارەکەش وادەکە درێژ نەکرایەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش