"هەڵمەتی ئۆكتۆبەری پەمەیی"
چالاكییەكی وەرزشی بۆ توشبووان و رزگاربووانی شێرپەنجە ئەنجامدرا
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئەمڕۆ دووشەممە، لەپاركی ئازادی سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئۆكتۆبەری پەمەیی، بەشی چارەسەری سروشتی نەخۆشخانەی هیوا چالاكییەكی وەرزشی بۆ گروپێك لە توشبووان و رزگاربووانی نەخۆشیەكە رێكخست.
بەندین ئەنوەر، رزگاربویەكی شێرپەنجەی مەمكەو قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، “بەفەزڵی خوای گەورە و دواتر نەخۆشخانەی باش وهاوسەرو منداڵەكانم و كەسوكار توانیم زاڵبم بەسەر نەخۆشیەكەدا”.
وتیشی، هەفتەی دوو رۆژ وەرزش دەكەین و كاریگەریەكی باشی هەیە لەسەرمان، ساڵێك و چوار مانگە تووشی شێرپەنجە بووم و ماوەی چوار مانگە هەست بەباشی دەكەم و ورەو متمانە بەخۆبوونیش كاریگەریەكی زۆر باشی هەبووە بۆ سەركەوتنم بەسەر شێرپەنجەدا”.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە توشبووان ورە و متمانەیان بەخۆیان هەبێت كە نەخۆشیەكە تێدەپەڕێنن، رێنماییەكانی دكتۆر بەباشی جێبەجێ بكەن و كاتی دەرمانەكان و جەلساتەكان بەباشی پەیڕەو بكەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی