"پێویسته‌ بكوژ راده‌ستى یاسا بكرێت"

ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له‌سه‌ر كوژرانى گه‌نجه‌كه‌ى هه‌ولێر هاته‌ده‌نگ

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر كوشتنى گه‌نجێك هاته‌ده‌نگ، كه‌ ئێواره‌ى دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ كه‌ له گوندى كۆره‌كى نزیك شارى هه‌ولێر له‌لایه‌ن كه‌سێكی سه‌ر به‌ هێزى ئه‌منییه‌وه‌ كوژرا.

ده‌سته‌كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى راگه‌یەندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت، له‌رێگه‌ى تیمێكی تایبه‌تیانه‌وه‌ بەدواداچونی کردووه‌ و دەرکەوتووه‌ کە هێزێکی هاوبەشی ئەمنی بۆ مەبەستی لابردن و رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکەوە و کۆنتڕۆڵکردنی سەرپێچی واتە (تجاوزات) چوونەتە ئەو گوندە دوای گەیشتنیان و دروستبونی دەمەقاڵێ لەلایەن ئەندامێکی هێزه سەربازیەکە بەفیشەک هاوڵاتیەک بریندار دەکرێ و دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات .

ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ، بەکارهێنانی چەک و تووندوتیژی ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ئیدانەی کوشتنی ئەو گەنجەش دەکات کە ده‌ڵێت “هیچ پاساوێک ریگا نادات بۆ ئەو حاڵەتە”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئەگەر هەر حاڵەتێکی دەستگرتن بەسەر زەوی و موڵکی گشتی و تجاوز هەیە پێویستە پەنا ببرێتە بەر یاساو دادگا و بکەرانی ئەو کارانە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە نەوەک بەکارهێنانی توندوتیژی.

داواشی كردووه‌ دادگا لەو کەیسە رۆڵی خۆی ببینێت و تۆمەتباری کوشتنی ئەو هاوڵاتیەش رادەستی یاسا بکرێت و سزای خۆی وەربگرێت.

لە هەولێر کەسێک کوژرا

لە هەولێر کەسێک کوژرا