لە تەمەنی 71 ساڵیدا

هونەرمەند فەتانە وەلیدی کۆچی دوایی کرد

964+

شۆڕش قادری

فەتانە وەلیدی خانمە هونەرمەندی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سیمین چاییچی شاعیر و نوسەری رۆژھەڵاتی کوردستان بە 964ـی وت، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 24.9.2024، فەتانەی وەلیدی لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گیانی لە دەستداوە.

وتیشی، “چاوەڕێی گەیشتنی کەسوکارەکەی دەکەین و بڕیارە سبەینێ بەخاک بسپێردرێت”.

فەتانە محەمەد شەریف وەلیدی ساڵی 1953 لە شاری سنە لەدایک بووە و یەکێکە لە رچەشکێنەکانی ئاواز و گۆرانی وتن لە ناو خانمانی کورددا.

وەلیدی لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کرد و لە رادیۆی سنە گۆرانییەکانی تۆمار دەکرد، بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی، گۆرانیی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش وەکو کارێکی نەشیاو سەیردەکرا، بەو ھۆیەوە فەتانە رووبەڕووی جۆرەھا توانج و تانە و کاری نەشیاو بوویەوە.

ژیانی ھونەری ئەو ھونەرمەندە بەھۆی نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونییەوە زۆر زوو کۆتایی پێھات، بەڵام لەو تەمەنە کورتەشدا توانی رۆڵێکی مێژوویی لە ھونەر و ئاوازی کوردیدا ببینێت.

بەشێک لەو گۆرانیانەی کە فەتانە وەلیدی لە ماوەی چەند ساڵ تەمەنی ھونەریدا تۆماری کردوون، بریتین لە:

ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری
لە ژین بێزارم
لای لای دڵم لای لە باغی سینەم
ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم
لە سەرووی قامەتی یار
ھاتەوە یارم یاری وەفادارم
بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم
بەھار فەسڵێکی خۆشە

19 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەرزیە فەریقی تێپەڕی

19 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەرزیە فەریقی تێپەڕی