به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه: پێویستمان به زیاتره
خانكێ له‌وه‌ته‌ى كراوه‌ته ناحیه 18 پڕۆژه‌ى بۆ جێبه‌جێ كراون
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌وه‌ته‌ى خانكێ له كۆمه‌ڵگاوه كراوه‌ته ناحیه و 14 گوند له سنووره‌كه‌یه‌تى ته‌نیا 18 پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى بۆ جێبه‌جێ كراوه و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ده‌ڵێت، پێو‌یستیان به زیاتره.
له رێكه‌وتى 13.6.2022 به بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم خانكێ له كۆمه‌ڵگه‌وه كرایه ناحیه و تا ئه‌مڕۆش زیاتر له دوو ساڵ و سێ مانگه.
زه‌رده‌شت شێخ شامۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه به 964ـى راگه‌یاند دواى بونیان به ناحیه پڕۆژه پلانێكیان خسته‌ڕوو ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر درا، كه تا ئه‌مڕۆ ته‌نیا 50%ـى پلانه‌كه‌یان جێبه‌جێكراوه.
وتیشی “له‌و ماوه‌یه‌دا 18 پڕۆژه له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه له‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگاى دهۆك له‌ناحیه‌كه‌یان جێبه‌جێ كراون”.
بودجه‌ى ته‌واوى ئه‌م پڕۆژانه بریتی بووه له 10 ملیار و 421 ملیۆن و 452 هه‌زار دینار.
روونیكرده‌وه، ئه‌و پڕۆژانه‌ى له ناحیه‌كه‌ى جێبه‌جێ كراون بریتی بوونه له رێگاوبان، ئاو، ئاوه‌ڕۆ و قیڕتاوكردن و پڕۆژه‌ى ژینگه‌یی و ده‌شڵێت “هێشتا پێویستمان به پڕۆژه‌ى جیاجیاى زیاتره جێبه‌جێ بكرێن”.