"به‌ مشارى بێده‌نگ ئه‌م كاره‌ ده‌كرێت"

له‌ برادۆست بڕینى دارى ته‌ڕ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و ژینگه‌ش رێكاره‌كانى تووند كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ژینگه‌ى قه‌زاى سیده‌كان ئاگادارییه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت، ئاگدار هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر بڕینى دار ده‌ستگیر بكرێن، به‌تووندى رووبه‌ڕووى سزادانى ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاگادارییه‌كه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ سنوورى برادۆست به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و به‌نهێنى ده‌ست به‌ بڕینى داره‌كان كراوه‌.

عه‌دنان ئه‌حمه‌د، بەڕێوبەری ژینگەی قەزای سیدەکان به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌چه‌ندین شوێنى سنوورى برادۆست به‌شێوه‌یه‌كی نهێنى و قاچاغ ده‌ست به‌ بڕینى دار كراوه‌ و ئه‌وانیش چاودێرییه‌كی توندیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌.

وتیشی “ئه‌وانه‌ى ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن خه‌ڵكى سنوورى سیده‌كانن به‌ڵام له‌و گوانه‌ دارده‌بڕن كه‌ گوندى خۆیان نییه‌ و به‌ مشاری بێده‌نگیش ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى كه‌س به‌ كاره‌كه‌یان نه‌زانێت”.

ئه‌و دارانه‌ى ده‌بڕدرێنه‌وه‌ زۆربه‌یان له‌ جۆره‌كانى به‌ڕوو و مازوون و به‌شێكیشیان دارى به‌ته‌مه‌نن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ماوه‌یه‌كه‌ تیمه‌كانیان له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ بۆ چاودێریكردنى داربڕه‌كان و خه‌ڵكیشیان ده‌ستگیركردووه‌ و سزاشیان داون.

روونیشیكرده‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى سیده‌كان تاوه‌كو ئێستا دادگاى لێ نییه‌، پێشتر ئه‌و كه‌سانه‌ى سه‌رپێچیان له‌ داربڕین ده‌كرد ده‌نێردرانه‌ دادگاى سۆران، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیرده‌كرێن له‌ قایمقامییه‌ته‌وه‌ سزاى مادى ده‌درێن و ئازاد ده‌كرێن.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ژینگه‌ى سیده‌كان، ئه‌و سزا مادیه‌ى تاوه‌كو ئێستا بۆ سه‌رپێچیكارانیان كردووه‌ بڕه‌كه‌ى له‌ 150 هه‌زار دینار تاوه‌كو دوو ملیۆن دینار بووه‌، ئه‌ویش به‌پێی جۆرى دار و سه‌رپێچییه‌كه‌ى ئه‌و سزایه‌یان بۆ دیاری كردوون.

بە پێی یاسای ژماره ‌(10)ی ساڵی 2012 یاسای دارستان لە هەرێمی كوردستان، سزاكان بە گوێری جۆری دارو تەمەنی دارەكان دیاریكراون، بەپیێ رێنماییەكانى ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه‌ش، هەر كەسێك داری تەڕ ببڕێت بە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.

گوندێكی باڵه‌كایه‌تى راوكردن و داربڕینى له ‌سنووره‌...

گوندێكی باڵه‌كایه‌تى راوكردن و داربڕینى له ‌سنووره‌كه‌ى حه‌رام كرد