دوای دوو ساڵ لە هەمان جێگا

هاینا سامرەند.. ئەو کچەی بووە ئایکۆنی بۆردومانەکەی کۆیە

964+

گۆڤەند فەتاح _ هەولێر

هاینا سامرەند ئەو کچە بوو کە دوو ساڵ پێش ئێستا وێنەکەی زۆر بڵاوبووەوەو بووە هێمای ئەو ترس و دڵەراوکێیەی بۆردومانەکەی سەر کۆیە دروستی کرد.

رۆژی 28ی ئەیلول 2022 ئێران موشەکبارانی بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کرد لە کۆیە، هانیاو سەدان کەسی تر بە ترسێکی زۆرەوە هەڵهاتن، دایکی ئەوەندەی توانی هانیای لەباوەش گرت، کە هێزی پێیەکانی نەما دایە دەست ئامانجی هاوسێیان، ئەویش گورج رزگاری کرد.

مامۆستا شەونم مامۆستای قوتابخانەی رۆژهەڵاتە لە کەمپی دیموکرات، ئەویش لە دەست بۆردومانەکە هەڵدێت، کەمێک دوورتر مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و چەند وێنەیەک دەچرکێنێت، یەکێکیان وێنەی هاینایە لە باوەشی ئامانجدا، ئامانج ئاوڕی داوەتەوەو لە شوێنی بۆردومانەکە دەڕوانێت هایناش دەستی بە گوێیەکانیەوە گرتووەو دەترسێت، ئەو وێنەیە وەک ئاگری ناو پووش لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە.

وا بۆ دوو ساڵ دەچێت ئەو هێرشە روویداوە، هانیا و دایکی و ئامانج کە پاڵەوانەکانی چیرۆکەن لە ژیاندا ماون و ساغ و سەلامەتن، پەیامنێری 964 هەموویانی بردەوە بۆ شوێنی رووداوەکەو لێم پرسین چی روویدا؟