"بیشۆنەوە بۆنەكەی نامێنێت"
گلەیی لە بۆنی برنجی بایەعی دەکرێت
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
بەشێک لە هاوڵاتیان گلەییان هەیە لەو برنجەی لە بایەعی مانگی رابردوو وەریانگرتووە و دەڵێن بۆنێکی ناخۆشی لێدێت.
ئاشتی سابیر هاوڵاتی بە 964 وت، ئەو برنجەی وەریانگرتوە لە ئەمجارەدا بۆنێکی ناخۆشی لێدێت و تەنیا یەک جار لێیان ناوە و ئارەزوویان نەکردووە لێی بنێنەوە.
قادر مەولود هاوڵاتییەکی دیکەیە باسی لەوەکرد، ژنەکەی لەو برنجەی ئەم مانگە وەریانگرتووە لێی ناوە و لێی رازی نەبووە، بەڵام خواردوویانە کێشەی نەبووە، تامێکی خۆشی هەبووە و دەنکەکانی جوان وەستاوە.
لەسەر ئەم بابەتە کامەران فەتاح بەڕێوەبەری بەشە خۆراکی سلێمانی بە 964 وت، ئەو بەشە برنجەی لە مانگی رابردوودا دابەشکراوە بەسەر هاوڵاتیاندا، برنجێکی زۆر باشە بەرهەمی وڵاتی ئۆرۆگوایە و رێكەوتی مانگەکانی شەش و حەوتی 2024 ی لەسەرە.
باسی لەوەش کرد، برنجەکە دەنک درێژ و بۆنێکی ئاسایی لێدێت، پێش لێنان بشۆردرێتەوە بۆنەکەی نامێنێت و بێ کێشەیە.
لەبارەی دابەشکردنی بەشە خۆراکی نوێ، ئەوەی خستەڕوو ئێستا گەنجینەکانیان سەرجەمی خۆراکیان تێدایە و چاوەڕوانی بڕیاری بەغدان بۆ دابەشکردنی.
لە پارێزگای سلێمانیدا دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 هاوڵاتی بەشەخۆراک وەردەگرن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر