دەیان پشکنینی جۆراوجۆر کراوە

لە یەک مانگدا زیاتر لە 16 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بینراون

توانا نەقی

بە پێی ئاماری نەخؤشخانەی منداڵانی سلێمانی لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە 16 هەزار منداڵ بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە،لەماوەی مانگی رابردوو لەرێكەوتی 1 بۆ 31.7.2024 لەنەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لەشاری سلێمانی 16هەزار و 380 منداڵ بینراون لە نەخؤشخانەکە.

دەشڵێت، لە هەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و ئێورانی نەخؤشخانەکە چارەسەر بۆ ئەو منداڵانە کراون و لەو رێژەیەش تەنیان دوو هەزار و 583 منداڵ داخڵ کراون.

هەربەپێی ئامارەکە، لەمانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی منداڵان هەزار و 158 حاڵەتی سكچون و رشانەوە و وشكبوونەوە و 356 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆماركراون، هەروەها 373 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 286 منداڵ لەبەشی بەدخۆراكی و 412 منداڵ لەبەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك و 140 منداڵ لەبەشی هەرس و جگەر بینراون.

هەر لەو ماوەیەدا لەنەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی مناڵانی فێركاری 19 هەزار و 216 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 630 سۆنەر و 83 ئیكۆ و 31 نازور ئەنجامدراوە و 543 تیشك گیراوە.