دوای دوو ساڵ

بڕیاری کردنەوەی پەیمانگاکەی پێنجوێن دەرچوو

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوای دوو ساڵ لە داخستنی، پەیمانگای تەکنیکیی پێنجوێن بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا کرایەوە، کردنەوەی پەیمانگاکە یەکێک بوو لەو بەڵێنانەی لە مانگی پێنج بە دانیشتووانی پێنجوێن درا.

دکتۆر توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.8.2024 بە 964ـی راگەیاند، پەیمانگاکە کێشەی ستافی وانەوتنەوەی هەیە و دەبێت چارەسەرێکی بۆ بکرێت، چونکە لە توانایاندا نییە دامەزراندن بکەنەوە بۆیە دەبێت لە لایەکی دیکەوە پڕی بکەنەوە.

باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی ئەو نووسراوەی وەزیری خوێندنی باڵا واژووی لەسەر کردووە، کردنەوەی پەیمانگاکە و وەرگرتنی خوێندکار بە مەرجی تەواوکردنی گشت پێداویستییەکان دەبێت لە پەیمانگاکەدا.

رێبین عومەر، وتەبێژی دەستەی رێکخەری خۆپیشاندانەکان بە 964ـی راگەیاند، ناوی 26 مامۆستای خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا گواستنەوەی راژەیان بۆ بکرێت بۆ سەر پەیمانگای تەکنیکی پێنجوێن و وانە بڵێنەوە.

وتیشی، بە هەوڵی خێرخوازان بەشە ناوخۆییان بۆ پەیمانگاکە دابین کردووە و تەنیا یەک کێشەی ماوە، ئەویش ستافی وانەوتنەوەیە و دواتر هەموو کێشەکان چارەسەر دەبێت.

هەروەها دەڵێت، پێشنیاریشان کردووە دوو بەشی دیکە زیاد بکەن لە پەیمانگاکەدا، ئەوانیش بەشەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و کۆمپیوتەرە.

پەیمانگای تەکنیکیی پێنجوێن ساڵی 2019 بەڕووی خوێندکاراندا کرایەوە و تەنیا سێ وەجبەی خوێندکاری بەڕێکرد و دواتر لە ساڵی 2022 داخرا و ستافی وانەوتنەوەی هەڵوەشایەوە و بەشەناوخۆییشی نەبوو.

پەیمانگاکە باڵەخانەکەی لە وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە و ئێستاش بەشەناوخۆییەکی وەزارەتی پەروەردەی وەرگرتووە لە ناو قەزای پێنجوێن، تا کێشەی کردنەوەی پەیمانگاکە چارەسەر بکرێت.

لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا پەیمانگای پێنجوێن دوو بەشی تێدا بووە کە بەشەکانی پەرستاری و کارگێڕی کار بوون و کۆتا ساڵ تەنیا 37 خوێندکاری دانیشتووی پێنجوێن وانەیان تێدا وەردەگرت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

وانەبێژانى پێنجوێن ئاگادار دەکرێنەوە

وانەبێژانى پێنجوێن ئاگادار دەکرێنەوە