فەرماندەیەکى پێشمەرگە وادەڵێت:
“هێزەکانی پێشمەرگە کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە”
964+
سیروان خورشید- گەرمیان
دواى گەیشتنى هێزێکى زۆرى حەشدى شەعبى بۆ سنوورى ناحیەى کوڵەجۆ، ھێزەکانی پێشمەرگەی میحوەری یەک و دوو لەسنوری کفری کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
بەرەبەیانى ئەمرۆ، هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی هاتوونەتە سنووری میحوەری یەكی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە کفری و دەستیان بەسەر بیرەنەوتەكانی ئەو سنوورەدا گرتووە.
فەرماندەیەکی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچەکە بە 964ـی وت،”هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەوان هاتونەتە ئەو شوێنەو لەئێستاشدا سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری کفری و گەرمیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە”.
وتیشی، “ئەگەر لیژنەی دەزگای هەواڵگری نەیەنە سەر خەت ئەوان وەک هێزى پێشمەرگە هێزدەجوڵێنن و بەشەڕ ناوچەکە بەحەشدی شەعبی چۆڵ دەکەن.”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی كە نزیكەی سێ هەزار چەكدارن و بە ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێل و شۆفڵ و هامەر و كەرەستەی سەربازی دیكە، هاتوونەتە ناحیەی كوڵەجۆ و چەند بیرە نەوتێكیان دەست بەسەردا گرتووە.
964 لەو فەرماندەیەى پێشمەرگەى وەرگرتووە کە هێزەكەی حەشدی شەعبی لەنزیكی بیرە نەوتەكان لەكوڵەجۆ سەرقاڵی دروستكردنی سەنگەرن و بەهێزكردنی پێگەكانیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح