قوتابیدارەکان ئەم هەینییەش بێبەشن

هێشتا گەرمە بۆ سەیرانێکی خۆش.. ئاگاتان لە رێگاوبان بێت، قەرەباڵغە

+964

ژووری هەواڵ

رۆژی هەینییەو خەڵکێکی زۆر بە نیازی سەیرانن، بەڵام هێشتا هاوین تێنەپەڕیوەو گەرما نەکەوتووە، رەنگە تاکە چارەسەر کوێستانەکان بێت، لەوەشدا ئاگاتان لە رێگەوبان بێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەولێرەوە دەچن، ئەگەر لەمسەرەوە نەکەونە قەرەباڵغییەوە، ئەوا لەوسەرەوە هەر تووش دەبن.

بەپێی ئەو پێشبینیەی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ بەگشتی ناو شارەکان گەرمن، گەرمیان گەرمترینیانەو دەگاتە 45 پلە، دوای ئەوە کەرکوک، هەولێر، ئینجا هەڵەبجە، دهۆک و زاخۆ، ئاخیریشیان سلێمانی، یەک بە دوا یەک پلەیەکیان لێ کەم دەبێتەوە، ئەوەی سلێمانی دەبێتە 40 پلە.

لەناو ئەمانەدا بۆ فێنکی حاجی ئۆمەران بەختی هەیە، لە ئێستاوە کەشی پاییزەی هێناوەو ئەمڕۆ لە گەرمترین کاتدا 29 پلە دەبێت.

رێگاوبان قەرەباڵغ دەبێت، بەتایبەتی نێوانی هەولێرو پیرمام

وا مەزاندە دەکرێت بەگشتی رێگاوبانەکان قەرەباڵغ بن، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی سەیرانگەو مەزرەعەیان بەسەرەوەیە، دوێنێ شەو (پێنجشەممە) لە 964 ڤیدیۆی رێگای نێوان هەولێر پیرمام بڵاوکرایەوە، لەهەردوو سەرەوە قەرەباڵغی و جەنجاڵییەکی زۆر بوو، ئۆتۆمبێل بە ئاسانی دەرنەدەچوو، هۆکارەکەی ئەوە بوو رێگای گۆمەسپان بۆ قیرتاوکردن و چاککردنەوە داخراوە، ئیتر هەموو قەرەباڵغییەکە کەوتبووە رێی پیرمام، بۆ ئەمشەویش پێشبینی دەکرێت کاتی گەڕانەوەی سەیرانکاران هەروا قەرەباڵغ بێت.

گەرمەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوانزەیە

ئەو ماڵانەی قوتابی پۆلی دوانزەیان هەیەو کەوتوونەتە خولی دووەم، هێشتا ئەم هەینییەش خێر لە سەیران نابینن، چونکە ئێستا گەرمەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمە، تائێستا سێ تاقیکردنەوە کراوەو شەممە نۆرەی ئایین و زمانی عەرەبییە.

ئەمەش خشتەی کەشوهەوایە بۆ ئەمڕۆ هەینی 23.08.2024، لە لایەن بەشی پێشبینی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بڵاوکراوەتەوە:

کەش:  ئاسمان ساماڵ دەبێت .
خێراى با: لەسەرخۆ – مام ناوەند (10– 20 ) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئاراستەی با: باکووری خۆرئاوا.
مەوداى بینین: ( 8– 10 ) کیلۆمەتر.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 43
سلێمانی :40
دهۆک : 41
کەرکوک : 44
هەڵەبجە : 42
زاخۆ : 41
سۆران : 39
حاجی ئۆمەران : 29
گەرمیان : 45