“کۆمپانیا هەیە بەناوی مۆڵەتی داگرتنی غاز سیستمی LPG دادەنێت”


964+
عەمار عەزیز – دهۆک

پێش مانگێک ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون لەسەر سیستمی داگرتنی غاز و دانانی سیستمی LPG یان پێکهێنا، ئەمڕۆ 25ی کانونی دووەم ئەنجامی بەدواداچوونی کاری لیژنەکەیان بۆ رای گشتی راگەیاند.

سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی 964ی وت “لە پارێزگای دهۆک کۆمپانیا هەیە تەنها مۆڵەتی داگرتنی غازی وەرگرتووە لە هەمانکاتدا سیستمی غازیش دادەنێت کە ئەمە پێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتیەکانە”.

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کە ئێمە کردوومانە لە ناوەندی دهۆک و هەر حەوت قەزاکەی، کۆمپانیەکانی تایبەت بە داگرتنی غاز و ودانانی سیستمی غاز لە سەدا 58 رێنماییەکان جێبەجێ ناکەن لە هەندێک شوێن لە سەدا 75 رێنماییەکان جێبەجێ ناکەن، هەروەها لیژنەکانی حکومەت کە بەدواداچوون بۆ سیستمی غاز و داگرتنی دەکەن کەمتەرخەمییانکردووە و وەکو پێویست کارەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردووە”.

سەباح عەلی وتی “کۆمپانیایەک هەیە کە نامەوێت ئاماژە بە ناوەکەی بکەم هیچ موڵەتێکی نییە لە کاتێکدا ئیشی داگرتنی غاز و سیستمی دانانی غاز دەکات، ئەو کۆمپانیایانەی کاری داگرتنی غاز و سیستمی دانانی غاز دەکەن موڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتیەکان وەرگرتووە، لەمەش خراپتر هەندێک کەس سیستمی LPGیان داناوە وەک کەس نەک کۆمپانیا کە ئەوە هەمووی پێچەوانەی رێنماییەکانن”.