گرێبه‌ستیشیان واژۆ كردووه‌

وه‌زیری كاره‌با بڕیاریدا كێشه‌ى دووکەڵی وێستگەی خەبات چارەسەر بكات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى كاره‌با ده‌ڵێت، بۆ پاراستنى ژینگه‌ى هه‌ولێر وه‌زیر بڕیاریداوه‌ كێشه‌ى دووكه‌ڵى وێستگه‌ى بەرھەمھێنانی کارەبای خه‌بات چاره‌سه‌ر بكات.

به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى كه‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌ فه‌یسبووكه‌ فه‌رمییه‌كه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی پاراستنی ژینگە لە وێستگەکانی کارەبا، بڕیاریدا کێشەی دووکەڵی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای خەبات چارەسەر بکرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای FLT کارپێکەری وێستگەی خەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دووکەڵەکە واژوو کردووه‌ و ڕیزبەندی  هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکە و جێبەجێکردنی پلانە ژینگەییەکان لە پێشەوەی گرێبەستەکەدا هاتووە.

پێشتر چه‌ند جارێك ئاگادارى وێستگه‌كه‌ كرابووه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ى دووكه‌ڵه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام وه‌كو پێویست نه‌یكردووه‌.

ساڵى پار، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە 964ـی راگەیاندبوو، نزیکەی سێ مانگە فیلتەری وێستگەی هەڵمی کارەبای خەبات لەکارکەوتووە و دووکەڵی پیس ژینگەی خەباتی شێواندووە.

ئه‌وكات، لیژنەیەکی تایبەت لە قایمقامیەتی خەبات و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سەردانی وێستگەکەیان کردبوو، مۆڵەتی 10 رۆژیان پێدابوو بۆ چارەسەرکردنی دووکەڵەكه‌ى.

وێستگەى كاره‌باى خه‌بات لە ساڵی 2020 بەگەڕخراوە و لەگەڵ پاڵاوگەی كار كە لە تەنیشت وێستگەكەیە بەستراوەتەوە و لە رێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاو وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنێت.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر پارێگارى هه‌ولێر حه‌وت بڕیاری بۆ پاكڕاگرتنى ژینگه‌ى هه‌ولێر ده‌ركرد، یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ داخستنى پالاوگه‌ نایاساییه‌كان و دواتریش رێنمایی دان به‌ كارگه‌ و مۆلیده‌ى گه‌ڕه‌كه‌كان بوو.

10 رۆژ مۆڵەت بۆ وێستگەی هەڵمەکەی خەبات دانراوە

10 رۆژ مۆڵەت بۆ وێستگەی هەڵمەکەی خەبات دانراوە