کۆلێژی ڤێتێرنەری جێبەجێیدەکات

پرۆژەیەکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سلێمانی راگەیەندرا

964+

ژووری هەواڵ

کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری سلێمانی پرۆژەیەکی هەیە و دەیەوێت خوێندکارەکانی فێری پرۆسەی نەزۆککردنی و سڕکردنی سەگی بێلانە بکات و دواتریش بیانگوێزێتەوە بۆ شەڵتەرەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 7.8.2024، زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری سلێمانی دەیەوێت سەگی بێلانە لەناو شار نەهێڵین، “بۆ پاککڕاگرتنی ژینگەی سلێمانی و دورخستنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسی گەزتن و دەربازکردنیان لە ترس و دڵەڕاوکێ”.

بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، نزیکەی مانگێکە چەند پانێڵێک لە زانکۆی سلێمانی بەردەوامە و خوێندکاران فێرکراون لەبارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی چەکی سڕکردن و بێهۆشکردنی سەگ.

“پڕۆژەکە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و کرداری دەستپێدەکات و لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانی کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری زانکۆی سلێمانی ئەنجامدەدرێت”، زانکۆی سلێمانی وا دەڵێت.

تێچووی پرۆژەکە لەلایەن ژینگەپارێزێک بەناوی رەوەز ئەحمەد شا دابیندەکرێت، ئەو بە 964ـی وت کێشەکانی شێڵتەری سەگ لە سلێمانی بە هاوکاری چەند ژینگەپارێزێک چارەسەر دەکەن و سەگی بێلانەی بۆ دەگوازنەوە، دواتریش چوار پزیشکیان بۆ دابیندەکەن و رۆژانە سەردانی شێڵتەرەکە دەکەن.

سەگەکان لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان دەبرێنە شێڵتەر، سکاڵاکانیش لەرێگەی فۆڕمێکی ئۆنلاین پڕدەکرێنەوە و ئاڕاستەی سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە دەکرێن.

“هەر سەگێک ئەگەر سکاڵای لەسەر نەبێت ئێمە حەقمان نییە بەسەرییەوە، ئەوانەشی کە سکاڵایان لەسەرە دەبرێنە شێڵتەر”، رەوەز ئەحمەد شا وای وت.

ئاژەڵدۆستێک: پرۆسەی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌گ له‌ شێڵتەر لە ...

ئاژەڵدۆستێک: پرۆسەی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌گ له‌ شێڵتەر لە دنیا شکستی هێناوە