"زیاتر له‌ 3 ساڵه‌ بڕیارى داخستنیان ده‌رچووه‌"

رێكخراوێكی ژینگه‌یی: با داخستنى پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان سزاشی له‌گه‌ڵ دابێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رێكخراوێكی ژینگه‌یی له‌هه‌رێمی كوردستان، داواده‌كات داخستنى پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان به‌ته‌نیا داخستنیان نه‌بێت به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ خاوه‌نه‌كانیشان سزای یاسای خۆیان وه‌ربگرن، چونكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ژینگه‌یان شێواندووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ نه‌خۆشی بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

مەعروف مەجید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئایینده‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌ به‌ 964ـى وت، بڕیارى داخستنى ئه‌م پاڵاوگه‌ نایاساییانه‌ هی زیاتر له‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌، ده‌پرسێت بۆچی ئه‌وكات دانه‌خراون و ئێستا داده‌خرێن؟

وتیشی ” ئه‌م پاڵاوگه‌ نایاساییانه‌ له‌رۆژى كاركردنییانه‌وه‌ جگه‌ له‌ پیسکردنی هەواو مەترسی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و فڕێدانی هەزاران تەن پاشماوە، چه‌ندین نه‌خۆشیشیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ش شێرپەنجە، كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ به‌رپرسیار تێكدانى ژینگه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كانیشن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ داخستنیان سزاى یاسایی خاوه‌نه‌كانیان بدرێت، چونكه‌ ئه‌وان به‌رپرسن له‌ تێكدانى ژینگه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كان.

رونیشی كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی  یاسای ژمارە (8)ـی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەر کەسێك دەبێتە هۆی شێواندن و پیسکردنی ژینگە دەبێ سزابدرێت.

به‌قسه‌ى سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه‌، بڕیارى داخستنى ئه‌م پاڵاوگانه‌ له‌ 8.2.2021 ـه‌وه‌ ده‌رچووه‌ به‌ڵام كاری پێنه‌كراوه‌.

ئامارێكی ساڵى 2018 شی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ سنوورى سلێمانى 41 پاڵاوگه‌ى نایاسایی و  دهۆك 100 پاڵاوگه‌ و هه‌ولێریش له‌هه‌موویان زیاتره‌ كه‌ زیاتر له‌ 300 پاڵاوگه‌ی نایاسایی هه‌یه‌.

مه‌عروف مه‌جید، داوا لە دەستەی پاراستنى ژینگەى هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، بە پێی یاسا سزایەکی باشی مادیی خاوه‌نه‌كانیان بدەن، به‌ڵام پارەکەی نەدەن بە حکومەت، به‌ڵكو راستەوخۆ بخرێته‌ ناو ئەو سندووقە ژینگەیەی كه‌ بۆتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی پارە بۆ حکومەت و ناشیرینکردنی ژینگە لای هاوڵاتیان.

مه‌عروف مه‌جید،  باس له‌وه‌شده‌كات، كه‌ ئەو پاڵاوگانە پێچەوانەی سەرجەم مادەکانی (25، 22، 26، 28، 29، 31) لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەن، له‌ یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـی هەرێمی کوردستانیش بەپێی مادەكانی ( 41، 42، 43)ـی ئەم یاسایە، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان سزاکان دەیانگرێتەوە، کە سزاكه‌شیان له‌ 10 ملیۆن دینار تاوه‌كو 200 ملیۆن دیناره‌ و زیندانی کردنیش دەیانگرێتەوە.

بۆنه‌ ناخۆشه‌كه‌ى پاڵاوتگه‌ نایاساییه‌كانى قوشته‌...

بۆنه‌ ناخۆشه‌كه‌ى پاڵاوتگه‌ نایاساییه‌كانى قوشته‌په‌ ده‌گاته‌ هه‌ولێر