٣٦ منداڵ لەژێر سەقفێکی درزاویدان
میدیازان – هەژین رێکانی – دهۆک
خوێندنگەی باجەلێ، مەترسی داڕمان و کەوتنی بەسەر قوتابیاندا لەسەرە، بەرپرسی ناحیەی قەسرۆکیش دەڵێ، بەرپرسیاریەتی من نیە.
بەپێی ئەو وێنانەی دەست پەیامنێری میدیازان کەوتووە، دەردەکەوێت کە قوتابخانەی گوندی باجەلێی سەرگەری سەر بە ناحیەی قەسرۆکێی سەر بە قەزای شیخان، دیوار و زەوییەکەی داڕماوەو درزیان تێکەوتووەو مەترسی کەوتنی بەسەر قوتابیانەوە هەیە.
خوێندنگەی باجەلێ، خوێندنگەیەکی بنەڕەتییەو زیاتر لە ٣٦ منداڵ تێیدا دەخوێنن و شەش مامۆستاش وانەی تێدا دەڵێنەوە. ئەو خوێندنگەیە ساڵی ١٩٩٣ دروستکراوە، ماوەی شەش ساڵ زیاترە بیناکەی درزی گەورەی تێکەوتووە کە زۆری و گەورەیی درزەکان مەترسی داڕووخانی لێ دەکرێت.
مەهران لوقمان عوسمان، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک بە پەیامنێری میدیازانی راگەیاند، ئەو پرسە لە بەرپرسیاریەتی ئێمە نیەو گوندی باجەلێ دەکەوێتە دەوروبەری ناحیەی قەسرۆک، بۆیە “بەرپرسیاریەتی ئێمە نیە”.
سەمیر باجەلی کە دانیشتووی گوندەکەیەو سێ منداڵی لە خوێندنگاکە دەخوێنێ، لە رێگەی میدیازانەوە داوای بەهانا هاتن لە پەروەردەی دهۆک دەکات، دەڵێ، بەر لەوەی بڕوخێ بەسەر منداڵەکانمان، چاکی بکەنەوە.
گوندی باجەلێی سەرگەری، نزیکەی پێنج خولەک لە سەنتەری ناحیەی قەسرۆکێ دوورەو زیاتر لە ٧٥ خێزان تێیدا دەژین.
پەیامنێری میدیازان پەیوەندی بە ئەحمەد عەبدوڵا زوبێر بەڕێوەبەری پەروەردەی دهۆک کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.
رەزا محەمەد بەڕێوەبەری خوێندگەکە بە میدیازانی راگەیاند، ماوەیەکی زۆرە بینای قوتابخانەکە وای لێهاتووە، لە ئێستاشدا بڕیاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەرچووە.
زیاتر وتی “پارەی بۆ تەرخان کراوە، لیژنەش هاتووە بۆ خوێندنگەکە، ماوەتەوە کاری چاک کردنەوەی بۆ بکرێت”.